بارسێلۆنا یاریزانێک و بڕە پارەیەک دەدات لەپێناو گواستنەوەی یۆکێرێش
یاریگا –
یانەی بارسێلۆنا بە نیازی گواستنەوەیەکی گەورەیە و ڤیکتۆر یۆکێرێشی کردووەتەوە ئامانجی خۆی.
یانە کەتەلۆنیەکە تا چەند کاتژمێرێک پێش یاریی کلاسیکۆ لە جامی سوپەری ئیسپانیا، رێگەی پێنەدەدرا ناوی دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر تۆماربکات بەهۆی یاساکانی دارایی خاوێن کە پابەندبوونی تێدایە بۆ راگرتنی باڵانسی خەرجی و داهات. دوای چارەسەربوونی کێشەکە، خوان لاپۆرتا بە هەیەجان و خرۆشانێکی زۆرەوە دەرکەوت، لەوەش زیاتر؛ ئەو سەرۆکە رایگەیاند کە قۆناخی قەیرانەکان تێپەڕیون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی El Nacionalی وەرزشی، ئێستا بارسا ئامانجی گەورەتری هەیە و دەیەوێ یۆکێرێرێش لە یانەی سپۆرتینگی پۆرتوگالی بگوازێتەوە. بەڵام هاوکات دەبێ بە ئاگاییەوە هەنگاو بنێ، بەوپێیەی یانە پۆرتوگالییەکە نرخی هەڵوەشاندنەوەی گۆڵکارە سویدیەکەی بەرزکردووەتەوە بۆ 100 ملیۆن یۆرۆ.
ئەو سەرچاوەیە و هەروەها رۆژنامەی Asی ئیسپانیش بڵاویانکردووەتەوە بارسێلۆنا بۆ کەمکردنەوەی تێچووی یۆکێرێش لەسەر خەزێنەکەی، ئامادەیە ڤیتۆر رۆکی کە ئێستا بەخواستن لە یانەی ریال بێتیسە، لە مامەڵەکەدا بەکاربهێنێت.
رەنگە سپۆرتینگ بیرۆکەکەی بەدڵبێت، بەوپێیەی هاوینی رابردوو ئەو یانەیە خواستێکی زۆری هەبوو بۆ گواستنەوەی یاریزانە بەڕازیلیەکە. بەڵام بارسێلۆنا وای بەپێویست زانی لەو قۆناخەدا بەخواستن بینێرێتەدەرەوە.
هێرشبەرە سویدیەکە ئەم وەرزەشی زۆر تۆقێنەر خۆی پیشانداوە. لە 17 یاریی خولی پۆرتوگال توانیویەتی 21 گۆڵ تۆماربکات لەگەڵ 3 ئەسێست.
بارسێلۆنا بۆ شوێنگرەوەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی سوپەرستارێکی دەوێ، بۆ ئەو مەبەستەش یۆکێرێشی 26 ساڵانی لا پەسەندە.