تایبەت بە یاریگا؛ سیمۆن شەریف دەبێتە دوایین گرێبەستی ئەم زستانەی دهۆک
یاریگا –
سیمۆن شەریف دەبێتە دوایین گرێبەستی ئەم زستانەی یانەی دهۆک و ئەو بەرگریکارە 27 ساڵانە دەبێتە یاریزانی دهۆک.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، یانەی دهۆک لەگەڵ سیمۆن شەریف بەرگریکاری یانەی هیلێرۆدی دانیمارکی گەیشتووەتە رێککەوتن، ئەو بەرگریکارە 27 ساڵانە لە چەند رۆژی داهاتوو بەفەرمی گرێبەستەکەی واژۆ دەکات و دەبێتە دوایین گرێبەستی هەڵۆیەکانی بادینان لە بازاڕی گواستنەوەی ئەم زستانە.
سیمۆن شەریف کە لە بۆرسەی یاریزانان نرخەکەی 300 هەزار دۆلارە، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی هاتووە و ئێستا بێ یانەیە، لە هێلی بەرگری لای راست یاریی دەکات، لەم چەند رۆژە دەگاتە کوردستان و وەکو یاریزانی نوێی دهۆک دەست بە راهێنانەکانی دەکات.
دوای هەریەکە لە ئیبراهیم غازی، مارلۆن دۆس سانتۆس، مستەفا عوەیێد، لوکاس هێنریکی تورسی دەبێتە پێنجەمین گرێبەستی ئەم زستانەی یانەی دهۆک، کە سیمۆن شەریف شوێنی جێلبەرت کومسۆن هێرشبەری گانایی دهۆک دەگرێتەوە و دەبێتە حەفتەمین یاریزانی پیشەگەری پێکهاتەکەی مەسعود میرال. دهۆک جگە لە سیمۆن شەریف هیچ یاریزانێکی دیکە ناگوازێتەوە و ئەو بەرگریکارە دانیمارکییە دەبێتە دوایین گرێبەستی یانەکە.
یاریگا زانیویەتی، دهۆک بڕیاری دەستبەرداربوونی لە کومسۆن داوە و سیمۆن شەریف دەبێتە حەفتەمین یاریزانی پیشەگەری دهۆک، دوای ئەوەی پیتەر گورگیس وڵاتینامەی عێراقی پێدرا و بڕیاری بەڕێکردنی کومسۆن درا، یانەی دهۆک دەتوانێت ناوی سیمۆن شەریف تۆمار بکات کە رێگای پێدراوە حەفت یاریزانی پیشەگەر لە لیستەکەی هەبن.