ئینگلتەرابازاڕی گواستنه‌وه‌راپۆرتی تایبەتگرنگترین

کێ بڕیاری گواستنەوەی یاریزانان لە پرێمەرلیگ دەدات و پڕۆسەکە چۆنە؟

راپۆرتێکی پڕزانیاری لەبارەی بڕیاربەدەستەکانی مێرکاتۆی یانە گەورەکانی ئینگلتەرا

Yariga App

یاریگا –

بازاری گواستنەوەی زستانەی یاریزانان، پێچەوانەی ناوەکەی لە پرێمەرلیگ زۆر گەرمە، بەڵام سیستمی گواستنەوەی یاریزانان لە بەهێزترین خولی جیهان، لە تەواوی خولەکانی دیکە جیاوازە.

پرسیارە گەورەکە لێرە ئەوەیە، کێ بڕیاردەری سەرەکی گواستنەوەی یاریزانانە؟ ئایا بەشەکانی هونەری یاخود وەرزشی لێی بەرپرسن و چۆن پڕۆسەکە بەڕێوەدەچێت.

توێنتی فێرست گروپ، کۆمپانیای راوێژکاری وەرزشی، لێکۆڵینەوەیەکی وردی لەسەر پەیوەندی مێژوویی نێوان مووچەی یاریزانان و بەدەستهێنانی خاڵ کردووە. بە واتایەکی دیکە، ئایا مووچەی یاریزانان پەیوەندی بە ئاست بەرزی یانەکان لە پرێمەرلیگ هەیە؟

بەگوێرەی داتای کۆمپانیاکە، نۆتینگهام فۆڕێست، خاوەنی پلەی سێیەمی ریزبەندی پرێمەرلیگ، ئەگەر بە لیستی مووچەی یانەکانی خوولەکە بەراورد بکرێت، ئێستا کارامەترین یانەی ئینگلتەرایە (40 خاڵ لە 20 یاریی). چونکە لە پلەی 14ی ریزبەندی بەرزترین مووچەی پرێمەرلیگدا دێت. تاکە نموونەی هاوشێوەی نۆتینگهام، لە وەرزی 2015-16 بەدیکرابوو، کاتێک لێستەر سیتی نازناوی پرێمەرلیگی بردەوە.

داتای کۆمپانیاکە زۆر ورد و پوختکراوە؛ مانچێستەر یونایتد ناکارامەترین یانەی پرێمەرلیگە، بەراورد بە لیستی مووچەی یاریزانان. هەروەها مانچێستەر سیتی لە پلەی 17ی ریزبەندی کارامەترین یانەکانی پرێمەرلیگ دێت، چونکە مووچەی یاریزانانی بەرزە و ئاستی ئەم وەرزە لە ئاست مووچەکە زۆر کەمە.

تۆپی پێی ئینگلتەرا لە سەردەمێکی جیاوازدایە، ئەو سەردەمە بەسەرچوو ئیتر تەواوی خەتای یانەکان بخرێتە ئەستۆی راهێنەر. چیدیکە راهێنەران بۆ گواستنەوەی یاریزانان سەرزەنشت ناکرێن.

لە یانەکانی ئینگلتەرا، پۆستێکی تایبەت بۆ دەستنیشانکردنی یاریزانان هەیە، بەرپرسانی وەرزشی بەدوای یاریزانی گونجاو دەگەڕێن و دواتر پڕۆسەکە دەستپێدەکات.

لەم بابەتەدا، سیاسەتی وردی یانە گەورەکانی پرێمەرلیگ بۆ گواستنەوەی یاریزانان دەخەینەڕوو.

مانچێستەر سیتی

ماوەی 12 ساڵە تکسیکی بێرگیرستیان، بەڕێوەبەری وەرزشی مان سیتییە، بەڵام تەنیا شەش مانگ بۆ کۆتاییهاتنی سەردەمەکەی ماوە.

بێرگیرستاین یەکێکە لەو کەسایەتییانەی رۆڵێکی باڵایان لە دەستکەوتەکانی مانچێستەر سیتیدا هەیە. تیکسیکی بەرپرسە لە گواستنەوەی کێڤن دی بڕۆین، فێرناندینیۆ، ئێرلینگ هالاند، جۆن ستۆنس، ئیلکای گوندۆگان و دەیان ئەستێرەی دیکە.

مان سیتی چیرۆکێکی دیکەی سەرکەوتنی هەیە، کاتێک بەشێکی تایبەتیان بۆ ‘بەهرەمەندی دەرکەوتوو’ دامەزراند، دواتر بەشەکە بووە سەرچاوەیەکی دیاری قازانج، ئەمەش هەمووی بیرۆکەی بێرگیرستاینە.

گواردیۆلا و بیرگیرستاین لەگەڵ نازناوی چامپیۆنزلیگ

تیکسیکی پێشتر لە بارسێلۆنا کاریکردووە و دەتوانین بڵێین، پێپ گواردیۆلا بەبێ تیکسیکی، هەرگیز بەم دەستکەوتانەی ئێستای لە مان سیتی نەدەگەیشت.

بێرگیرستاین حەوت نازناوی پرێمەرلیگی لەگەڵ مان سیتی بەدەستهێناوە، شەش لەگەڵ گواردیۆلا و دانەیەکیش لەگەڵ مانوێل پێلێگرینی.

بڕیارە لە کۆتایی ئەم وەرزە، هوگۆ ڤیانا، بەڕێوەبەری وەرزشی سپۆڕتینگ لیسبۆن شوێنی بێرگیرستاین بگرێتەوە. لێرەوە سەردەمێکی نوێی مان سیتی دەستپێدەکات و ئینجا بەڕوونی جیاوازی لە سیاسەتی گواستنەوەی یاریزانان بەدیدەکرێت.

لیڤەرپوول

ریچارد هیوز، بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکەیە و لەوەتەی گەڕانەوەی بۆ یانەکە لە ساڵی رابردوودا، بەرپرسی یەکەمی گواستنەوەی یاریزانانە. مایکڵ ئێدواردس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لیڤەرپوول بە هەموو شێوەیەک هەوڵی گەڕاندنەوەی هیوزیدا، ئێستا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تۆپی پێی کۆمپانیای فێنوەی سپۆرتسە.

یەکەم مێرکاتۆی گواستنەوەی یاریزانانی بەبێ ژاوەژاو بەڕێکرد و تەنیا فێدێریکۆ کیێزای بە 10.6 ملیۆن پاوەند لە یوڤێنتوس گواستەوە. هەروەها لەگەڵ جیۆرجی مامارداشڤیڵی، گۆڵپارێزی ڤالێنسیا بەبڕی 29 ملیۆن پاوەند رێککەوت و هاوینی داهاتوو دەبێتە یاریزانی لیڤەرپوول.

ریچارد هیوز، بەڕێوەبەری وەرزشی لیڤەرپوول

بەڵام ئێستا هیوز لە ژێر تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە، چونکە گرێبەستی هەریەکە لە محەمەد سەڵاح، ڤیرجیڵ ڤان دایک و ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد لە کۆتایی ئەم وەرزە بەسەردەچێت و تاوەکو ئێستا هیچ پێشڤەچوونێک لە کەیسەکانیان ئاشکرا نەکراوە. هیوز بەرپرسی یەکەمی گفتوگۆکانی نێوانیانە، بەڵام گفتوگۆکان زۆر نهێنی و دوور لە چاوی میدیان.

تاوەکو ئێستا بڕیاری دەستنیشانکردنی ئارنە سڵۆت وەکو شوێنگرەوەی یورگن کڵۆپ، گەورەترین دەستکەوتی هیوزە. چونکە ترسی گەورە لە دەستپێکردنی سەردەمی دوای کڵۆپ هەبوو.

لەدەستدانی دەرفەتی گواستنەوەی مارتن زوبیمێندی لە ریال سۆسیداد، یەکێکە لە هەوڵە شکستخواردووەکانی هیوز، چونکە لە کۆتاییدا یاریزانە ئیسپانییەکە بڕیاری مانەوەی لە یانەکەیدا.

ئارسیناڵ

لە نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا، ئیدو دەستی لە پۆستی بەڕێوەبەری وەرزشی یانە لەندەنییەکە کشاندەوە. ئیدو دەبێتە بەرپرسی یەکەمی تۆڕێکی فراوانی کۆمپانیای ئیڤانجێلۆس ماریناکیس، کە خاوەنی چەندین یانەیە.

جەیسن ئایتۆ، جێگرەکەی بە کاتی پۆستەکەی ئیدوی وەرگرتووە. ئایتۆ یەکێکە لەو کەسایەتیانەی رۆڵی باڵای لە بەشی وەرزشی ئارسیناڵ گێڕاوە و پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ میکێل ئارتێتا، راهێنەری ئارسیناڵ هەیە.

تاوەکو ئێستا ئارسیناڵ بڕیاری کۆتایی لەسەر بەڕێوەبەری وەرزشی داهاتوو نەداوە، بەڵام ئایتۆ یەکێکە لە بەربژێرە سەرەکییەکان. ئایتۆ زۆر ناوی لە میدیاکان باس نەکراوە، بەڵام رۆڵی لە دەستنیشانکردنی جەیمس ئێڵیس، وەکو بەڕێوەبەری بەشی دامەزراندنی یاریزانی نوێ هەبووە.

چێڵسی

چێڵسی دوو بەڕێوەبەری وەرزشی هەیە؛ پۆڵ وینستانلی و لۆرێنس ستیوارت. وینستانلی لە دیسێمبەر/کانوونی یەکەمی ساڵی 2022 لە برایتنەوە رووی لە چێڵسی کرد و ستیوارتیش دوو مانگ دواتر لە مۆناکۆوە بووە هاوپیشەی نوێی ستانلی. جۆ شیڵد، هاوبەڕێوبەری بەشی دامەزراندن و بەهرەمەندەکان لە یەنایەر/کانوونی دووەمی ساڵی 2023 لە ساوسامتنەوە پەیوەندی بە یانەکەی باکووری لەندەن کرد، کەچی سام جووڵ، بەڕێوەبەری دامەزراندنی جیهانی لە مایس/ئایاری ساڵی رابردوو دەستبەکاربوو.

وینستانلی و ستیورات سەرپەرشتی ورد و درشتی گواستنەوەکانی چێڵسی لە سەردەمی تۆد بۆیڵی و بێهداد ئیقبالی دەکەن. ئەرکی سەرەکییان دروستکردنی پێکهاتەیەکی بەهێزی لاو و بەهرەمەند بووە. چێڵسی ئێستا خاوەن گەنجترین تیمی پرێمەرلیگە و بەشی دامەزراندن ئەرکەکانی بەتەواوی جێبەجێکردووە. جێبەجێکردنی پلانەکە لە یەنایەر/کانوونی دووەمی ساڵی 2023 دەستیپێکرد و لە ئۆگەست/ئابی ساڵی رابردوو تەواوبوو.

پۆڵ وینستانلی (راست)، کۆڵ پاڵمەر (ناوەڕاست)، لۆرانس ستیوارت (چەپ)

هیچ یانەیەک لە سەردەمی نوێدا بە ئەندازەی چێڵسی پارەی خەرج نەکردووە، بەڵام داهاتی یانەکەش بەراورد بە خەرجییەکان زیادکردووە. زۆربەی یاریزانانی پێکهاتەی ئێستای چێڵسی لە دوو ساڵی رابردوودا پەیوەندییان بە یانەکەوە کردووە. بەڵام ناتوانین هەموو گواستنەوەکان بە سەرکەوتوو هەژمار بکەین، بۆ نموونە یاریزانانی وەکو؛ ئاکسێل دیساسی، جواو فێلیکس، کێرنان دوسبێری-هۆڵ، کریستۆفەر ئێنکونکو و میخایلۆ مودریک (ئێستا راگیراوە) نەیانتوانی خۆیان بسەلمێنن.

مانچێستەر یونایتد

بڕیاربوو لەگەڵ دەستبەکاربوونی دان ئاشۆورس وەکو بەڕێوەبەری وەرزشی نوێی یانەکە، تەواوی پەیکەربەندی سەرکردایەتی تۆپی پێ بگۆڕدرێت، بەڵام دوای پێنج مانگ لە دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.

لەدوای دوورخستنەوەی ئاشۆورس، هەریەکە لە عومەر بێرادا، بەڕێوەبەری جێبەجێکار و جەیسن ویڵکۆکس، بەڕێوەبەری هونەری، بەرپرسیارەتی جیاوازیان لە بەڕێوەبەردنی پۆستی بەڕێوەبەری وەرزشی گێڕاوە.

لە یەکەم بازاڕی گواستنەوە لە سەردەمی نوێی سێر جیم راتکڵیف و کۆمپانیای ئینیەس، یانە سوورپۆشەکە زیاتر لە 200 ملیۆن پاەندی خەرجکرد و هیچ بەرهەمیشی دیارنییە.

نوسەیڕ مەزراوی بە باشترین گواستنەوەی مان یونایتد هەژمار دەکرێت، مانوێل ئوگارتێ خەریکە خۆی دەگونجێنێت و لێنی یۆرۆ، پێشبینی گەورەی بۆ دەکرێت.

جۆشوا زیرکزی یەکێکە لە گرێبەستە شکستخواردووەکانی مان یونایتد و ئێستا خەریکە ئاسانکاری بۆ چوونە دەرەوەی دەکرێت. ئاشۆورس سەرپەرشتی راستەوخۆی تەواوی گواستنەوەکانی هاوینەی رابردووی کرد، بەڵام لە کۆتاییدا مان یونایتد بە دۆخێکی سەخت تێپەڕی و ناچاربوو ئێریک تێن هاخ لە پۆستەکەی دووربخاتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button