سەرۆکی کۆمەڵەی خولی پیشەگەرانی سعوودیە: دەتوانین ڤینیسیۆس بگوازینەوە
یانەکانی سعوودیە کار لەسەر گواستنەوەی ئەستێرەی گەورە دەکەن
یاریگا –
یانەکانی سعوودیە تاوەکو ئێستا دەستبەرداری خەونی گواستنەوەی ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی ریال مەدرید نەبوون.
عومەر مغربل، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمەڵەی خولی پیشەگەرانی سعوودی دووپاتیدەکاتەوە، یانەکانی سعوودیە لەڕووی داراییەوە تۆکمەن و لەسەر بنەمای قازانج و سەقامگیری کار دەکەن.
مغربل لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی ئاس رایگەیاند، یانەکان بڕیارەکانی خۆیان دەدەن و سەرپەرشتی لایەنی دارایی دەکەن، بۆیە دەستوەردانی کۆمەڵەی پیشەگەران لە بڕیاری یانەکان نییە.
کاری ئێمە ئاسانکردنی راییکردنی پڕۆسەی بڕیاردانە لە یانەکان، رێگای جیاواز دەگرینەبەر، بەڵام پشت بە ئامار و داتاکان دەبەستین.
مغربل لێدوانێکی یەکلاییکەرەوەی لەبارەی گواستنەوەی ڤینیسیۆس بە رۆژنامە نزیکەکەی مەدریددا
یانەکانی سعوودیە توانای راکێشانی سەرنجی یاریزانی وەکو ڤینیسیۆس و هاوشێوەکانی هەیە، با بزانین لە کۆتاییدا چی لەبارەی ئەم بابەتە روودەدات.
یانە جیاوازمان لەڕووی توانا و ئاستەوە هەیە، ئەمەش لە هەموو خولێکی جیهانیدا هەیە. یانەکانمان دەتوانن یاریزانی گەورەی نێودەوڵەتی بگوازنەوە.
دوایین پەرەسەندنەکان چین؟
پێشتر تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردبووەوە، سندووقی وەبەرهێنانی گشتی سعوودیە، لەڕێگەی خولی رۆشنەوە، لە نزیکەوە چاودێری دۆخی ڤینیسیۆس لە ریال مەدرید دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕە ئەمریکییەکە، لە سەرەتای مانگی رابردوودا، پەیوەندیی تەلەفۆنی نوێ لە نێوان نوێنەری سندووقی وەبەرهێنانی گشتی سعوودیە و بەڕێوەبەری کارەکانی ڤینیسیۆس هەبووە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سعوودیە جیدی بوونی خۆی لە گواستنەوەی ڤینی دووپاتکردەوە، بەڵام هەوڵی فەرمی بۆ گواستنەوەی لە هاوینی داهاتوو روودەدات، نەک لە مێرکاتۆی ئێستای زستانە.
ئەهلی دیارترین یانەیە بۆ ئەوەی ڤینی پەیوەندی پێوە بکات، لە ئۆگەست/ئابی رابردوودا، نوێنەری یانەکە و نوێنەرانی ڤینیسیۆس لە لەندەن رووبەڕوو باسیان لە ئەگەرەکانی گواستنەوەی ئەستێرە بەڕازیلییەکە بۆ سعوودیە کرد.
ڤینیسیۆس بە وردی ئۆفەری سعوودییەکانی خوێندەوە و پێی رازیبوو، بەڵام هەستیکرد کاتەکە بۆ هەنگاوێکی لەمجۆرە گونجاو نییە.
گرێبەستی ڤینیسیۆس لە هاوینی ساڵی 2027 لە ریال مەدرید بەسەردەچێت و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی یەک ملیار یۆرۆیە. یانە ئیسپانییەکە ئامادەیی خۆی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی پیشانداوە، بەڵام بەڕێوەبەری کارەکانی دەیانەوێت تەواوی گفتوگۆکانی پەیوەندیدار بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ هاوینی داهاتوو دوابخەن.
بۆمب؛ ڤینیسیۆس لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سعوودیە لە پەیوەندیدایە