بۆچی وۆڵکەر ئۆفەرێکی خەیاڵی سعوودییەکانی رەتکردەوە؟
رۆژنامەی سەن هۆکاری سەرەکی ئاشکرا دەکات
یاریگا –
کایڵ وۆڵکەر، ئۆفەرێکی خەیاڵی سعوودییەکانی رەتکردەوە و بڕیاری دەستنیشانکردنی بژاردەی نوێی دواخستووە.
وۆڵکەر، 34 ساڵ بڕیاریداوە مانچێستەر سیتی جێبهێڵێت و چەند یانەیەکی سعوودی و ئیتاڵی بۆ گواستنەوەی کەوتوونەتە دۆخی ئامادەباشییەوە.
رۆژنامەی سەن بڵاویکردووەتەوە، یانەیەکی سعوودی ئۆفەرێکی زۆر بەبەهای پێشکەشی وۆڵکەر کردووە، بەڵام بەرگریکارەکە رەتیکردەوە بچێتە خولی سعوودی و دەیەوێت لە هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دانەبڕێت.
وۆڵکەر 93 یاریی نێودەوڵەتی لەگەڵ سێ شێرەکان هەیە و دەیەوێت بگاتە یاریی ژمارە 100، بۆیە نایەوێت پەیوەندی بە یانەیەکی سعوودی بکات و دەرفەتەکانی بانگهێشتکردن بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی کەمبکاتەوە.
یانە سعوودیەکە ئامادەبوو مووچەی هەفتانەی وۆڵکەر بۆ 400 هەزار پاوەند بەرزبکاتەوە، ئەمەش مووچەیەکی خەیاڵییە بۆ یاریزانێکی لەو تەمەنە.
یانەکانی ئەیسی میلان و ئینتەر میلان بە جیدی بۆ گواستنەوەی وۆڵکەر هاتوونەتە سەرهێل، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئۆفەرێکی فەرمی بۆ گواستنەوەی پێشکەش نەکراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە بەریتانییەکە بێت، ئینتەر میلان و وۆڵکەر لەسەر گواستنەوە بە خواستن رێککەوتوون، بەڵام میلانیش دەیەوێت یاریزانەکە بگوازێتەوە.