یاریگا –
لە بەردەم هاندەرانی خۆی و لە یاریی لووتکەدا، دهۆک بەرامبەر قوە جەوییە یاریی دەکات و توانای دوو یاریزانی پێکراویشی بۆ گەڕاوەتەوە.
سێ شەممە ( 14ـی کانوونی دووەمی 2025 ) کاتژمێر 7:30ـی شەو لە یارییەکی بەهێزدا دهۆک میوانداری قوە جەوییە دەکات، دهۆک لەم یارییەدا بە تەواوی یاریزانەکانی ئامادەیە و تەنها ماسیس ئارتین ناتوانێ بەهۆی پێکانەوە بەشداربێت، هەر یەک لە محەمەد سەعید و بەیار ئەبوبەکر گەڕاونەتەوە مەشقەکان دوای ئەوەی لە یاریی رابردوو بە هۆی پێکانەوە بەرامبەر کەربەلا بەشدارییان نەکرد.
دهۆک و قوە جەوییە لە مێژوودا 27 یاریی فەرمیان لە خول بەرامبەر یەکتر کردووە، دهۆک لە حەفت یارییدا براوە بووە و قوە جەوییەش 11 یاریی سەرکەوتنی بە دەستهێناوە و لە نۆ یارییشدا یەکسان بوونە، چوار یارییش لە جامی عێراق بەرامبەر یەکتر یارییان کردووە، هەر یەکەیان دوویارییان بردۆتەوە، گەورەترین سەرکەوتنی دهۆک لە 2016 بوو کاتێک 4 _ 1 لە جامی عێراق جەوییەی دوورخستەوە، قوە جەوییەش سێ جار بە ئەنجامی 3 _ 0 لە دهۆکی بردۆتەوە کە گەورەترین سەرکەوتنیەتی.
هەڵۆکانی چیا بە سەرکەوتن لەم یارییە بە تەواوی لە ریزبەندی پێشەوە نزیک دەبنەوە کە ئێستا 21 خاڵیان هەیە لە ریزبەندی شەشەم دێن، قوە جەوییەش 28 خاڵی هەیە و ئێستا لە سەرووی ریزبەندی یانەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.