کوردستان

یاریزانێکی ئاکرێ راگیرا و دەربەندیخانیش سزا درایەوە

Yariga App

یاریگا –

یەکێتی تۆپی پێی کوردستان یاریزانێکی ئاکرێی بۆ پێنج یاریی راگرت و دەربەندیخانیش جارێکی تر سزا درایەوە.

شەممە ( 11ـی کانوونی دووەمی 2025 ) یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد و چەندین بریار و راسپاردەی تازەی دەرکرد، بە هۆی دەرچوون لە گیانی وەرزشی لە یاریی نێوان ئاکرێ و شەقڵاوە، هەمزە سابر یاریزانی ئاکرێ بۆ پێنج یاری راگیرا، لە هەمان یارییدا ستار سابر یاریزانی شەقڵاوە بە هۆی رەفتاری نا وەرزشی بۆ دوو یاریی داهاتوو بێبەش دەبێت.

جارێکی تر بە هۆی بەکارهێنانی یاریی ئاگرینەوە لە لایەن هاندەرانی دەربەندیخانەوە، یانەکە بە بڕی 500000 پێنج سەد هەزار دینار سزا درا.

تەواوی بریارەکانی ئەمڕۆی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان.

1_ دوای دەستبەکار بوونیان لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، ئەندامە تازەکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بەمشێوەیە بەرپرسیاریەتی لیژنەکانیان پێدرا:

آ_ عەباس عەلی، سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانان .
ب _ هەکاری داوود، ئەندامی لیژنەی پێشبڕکێکان .
ج _ دارەوان قادر، سەرۆکی لیژنەی یاریزانان و راهێنەران .
د _ موحسین مەولود، سەرۆکی لیژنەی فێرگەکان .

2 _ خولی پلە دووەکانی کوردستان لە بەرواری 15 _ 3 _ 2025 دەستپێدەکات.

3 _ خولی راهێنەرایەتی بۆ ئاستی ( B ) تایبەت بە راهێنەرانی خولی نایابی کوردستان و خولی پلە یەکی کوردستان لە 20 _ 1 _ 2025 دەستپێدەکات.

4 _ خولی راهێنەرایەتی بۆ ئاستی ( B ) بۆ سەرجەم راهێنەرەکانی تری کوردستان ( جگە لە راهێنەرانی خولەکانی نایاب و پلە یەک ) لە 20 _ 2 _ 2025 دەستپێدەکات.

5 _ ئاگاداری بۆ یانەی خاک بە چاککردنەوەی ژووری ناوبژیوانان و ژووری خۆ گۆڕینی یاریزانان، بە پێچەوانەوە تووشی سزا دەبن.

6 _ سوپاس و پێزانین و دەسخۆشی بۆ دەستەی هاندەران و هاندەرانی یانەی چوارقوڕنە کە بە گوڵ و بە شێوەیەکی جوان پێشوازیان لە ناوبژیوانی یاری نێوان چوارقوڕنە و شێروانە کرد.

7 _ ئاگاداری بۆ سەرجەم یاریزانان و راهێنەران و ناوبژیوانان و سەرپەرشیارانی خولەکانی کوردستان، دووربن لە هەموو جۆرە نوسینێکی نەشیاو لە پەڕەی تایبەتی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان و لێدوانی نابەجێ لە دەزگاکانی راگەیاندن ، بە پێچەوانەوە تووشی سزا دەبن.

8 _ سەبارەت بە یاریی نێوان یانەی سەید سادق و یانەی رانیە لە گەڕی 13ـەی خولی نایابی کوردستان:

آ _ ئاگادار کردنەوەی یانەی سەید سادق بە لێدانی پارچە قوماشێک ( تۆڕ) لە دواوەی گۆڵەکان بەپێچەوانەوە تووشی سزا دەبن .

ب _ بە هۆی هەڵدانی یاری ئاگرین بۆ نێو یاریگا لەلایەن هاندەرانیانەوە، بریاردرا بە پێبژاردنی یانەی سەید سادق بەبڕی 500000 پێنج سەد هەزار دینار، لە ئەگەری دووبارە بوونەوەی سزاکە قورستر دەبێت.

9 _ سەبارەت بە یاری نێوان یانەی دەربەندیخان و یانەی ئاکرێ لە گەڕی 12ـەی خولی نایابی کوردستان:

آ _ بە هۆی هەڵدانی یاری ئاگرین لەلایەن هاندەرانی یانەی دەربەندیخانەوە و مەترسی دروستکردن لەسەر ژیانی یاریزانان ، بریاردرا بە پێبژاردنی یانەی دەربەندیخان بەبڕی 500000 پێنج سەد هەزار دینار بە دووبارەکردنەوەی یاریەکانیان دەچێتە دەرەوە و بە ئامادەبوونی هاندەر .

ب _ بە هۆی جنێودان و پەلاماردانی ناوبژیوان، بریاردرا بە راگرتنی ( وەلید سدیق ) کارگوزاری یانەی ئاکرێ بۆ ( 4 ) یاری و پێبژاردنی بە بڕی 250000 دووسەدوو پەنجا هەزار دینار.

10 _ بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاری نێوان یانەی رانیە و یانەی شەقڵاوە لە گەڕی 12ـەی خولی نایابی کوردستان، بریاردرا بە پێبژاردنی ( مەغدید خدر ) راهێنەری گۆڵپارێزانی یانەی شەقڵاوە بە بڕی 250000 دووسەدوو پەنجا هەزار دینار.

11 _ سەبارەت بە یاری نێوان یانەی ئاکرێ و یانەی شەقڵاوە لە گەڕی 13ـەی خولی نایابی کوردستان:

آ _ بە هۆی هەڵسوکەوتی نا وەرزشی و دەرچوون لە گیانی وەرزشی، بریاردرا بە راگرتنی یاریزان ( هەمزە سابڕ ) یاریزانی یانەی ئاکرێ بۆ ( 5 ) یاری و پێبژاردنی بە بڕی 500000 پێنج سەد هەزار دینار.

ب_ بە هۆی دەرچوون لە گیانی وەرزشی، بریاردرا بە راگرتنی یاریزان ( ستار سابڕ ) یاریزانی یانەی شەقڵاوە بۆ ( 2 ) یاری و پێبژاردنی بە بڕی 250000 دوو سەد و پەنجا هەزار دینار.

12 _ سەبارەت بە یاری نێوان یانەی بازیان و یانەی رواندز لە گەڕی پێنجەمی خولی پلە یەکی کوردستان:

آ _ بە هۆی دەرچوون لە گیانی وەرزشی و بەکارهێنانی وتەی نەشیاو بەرامبەر ناوبژیوان، بریاردرا بە راگرتنی و یاوەری نەکردنی تیپەکەی سەرۆکی یانەی رواندز تا کۆتایی خولی پلە یەکی کوردستان ، پێبژاردنی بە بڕی 500000 پێنج سەد هەزار دینار.

ب _ بە هۆی بەکارهێنانی وتەی نەشیاو بەرامبەر ناوبژیوان، بریاردرا بە دوورخستنەوەی سەرپەرشتیاری یانەی رواندز تا کۆتایی خولی پلە یەکی کوردستان، پێبژاردنی بە بڕی 500000 پێنج سەد هەزار دینار.

12 _ سەبارەت بە یاری نێوان یانەی زانکۆی جیهان و یانەی قەڵادزێ لە گەڕی شەشەمی خولی پلە یەکی کوردستان:

آ _ بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور، بریاردرا بە پێبژاردنی ( هەژار شاکر ) یاریدەدەری راهێنەری زانکۆی جیهان بە بڕی 500000 پێنج سەد هەزار دینار.

ب _ ئاگادار کردنەوەی کۆتایی بۆ یانەی قەڵادزێ بە بەکار نەهێنانی یاری ئاگرین لەلایەن هاندەرانیانەوە، بە پێچەوانەوە تووشی سزا دەبن.

 

Back to top button