فەرمی؛ ریال مەدرید یەکەم گرێبەستی زستانەی واژۆکرد
"خەونەکەم بەدیهات"
یاریگا –
بەفەرمی ریال مەدرید یەکەم گرێبەستی لە مێرکاتۆی زستانە واژۆکرد.
ئێستا لامینی فاتی بەرگریکاری لاوی پێشووی یانەی لیگانیس بەفەرمی واژۆی لەسەر پەڕاوەکانی گرێبەستەکەی کرد و بوو بە یاریزانێکی نوێی ریال مەدرید.
فاتی دوای واژۆکردنی گرێبەستەکەی گوتی؛
یاریکردن بۆ ریال مەدرید خەونی خۆم و خانەوادەکەم بوو. زۆر دڵخۆشم و ئامادەم بۆ ئەوەی هەموو شتێک لەپێناو ریال مەدرید بکەم، هالا مەدرید.
بەرگریکارە 18 ساڵانە بەرامبەر 100 هەزار یۆرۆ چووەتە ریزەکانی لۆس بلانکۆس، کە بە یەکێک لە بەهرەمەندەکانی ئیسپانیا دادەنرێت.
لامینی فاتی پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدرید کاستییا دەکات بۆ ئەوەی پێبگات و لە داهاتوو بۆ تیپی یەکەمی ریال مەدرید سەربخرێت.
ریال مەدرید لەوەتەی هاوینی رابردوو چاودێری ئەو بەرگریکارە لاوە دەکات کە لە تیپی دووەمی لیگانێس یاریی دەکات، هاوینی رابردوو کاتێک لە یارییەکی دۆستانە بەرامبەر ریال مەدرید کاستییا یاریی کردبوو، سەرنجی یانە مەدریدییەکەی راکێشابوو.
فاتی کە هاوینی رابردوو نزیکبوو بچێتە ریزەکانی ڤالێنسیا، لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد، کە لە دڵی بەرگری یاریی دەکات و چاوەڕێ دەکرێت لە داهاتوو ببێتە یەکێک لە باشترین بەرگریکارەکان.