یاریگا –
هەولێر لە یاریگای خۆی، بۆ یەکەمجار لە مێژوو بەرامبەر گەڕمە یاریی دەکات و سەرجەم یاریزانەکانیش ئامادەن.
لە گەڕی 13ـەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هەولێر کاتژمێر 5ـی ئێوارە میوانداری گەڕمە دەکات، بۆ یەکەمجارە لە مێژوو ئەم دوو یانەیە بەرامبەر یەکتر یاریی دەکەن، غازی فەهد راهێنەری پێشووی هەولێر راهێنەرایەتی گەڕمە دەکات.
سەرجەم یاریزانانی هەولێر بۆ یارییەکە ئامادەن و ئوسامە رەشید و هیگۆر ڤیداڵ لە هێلی ناوەڕاست بە تەواوی چاک بوونەتەوە و سەمیر بابۆ دەتوانێ پشتیان پێ ببەستێت لە یارییەکە، لە هێلی بەرگریش هیلیۆ مۆنتێڕۆی بەرازیلی ئامادە دەبێت دوای ئەوەی لە یاریی رابردوو بەرامبەر شوڕتە بێبەش بوو.
تا ئێستا کوڕانی قەڵا و منارە لە یاریگای خۆیان تووشی هیچ شکستێک نەبوونە لەم وەرزە، سەرکەوتنیش لەم یارییەدا واتا هاوتاکردنی خاڵەکانی لەگەڵ دهۆک و نەفتی میسان بە 21 خاڵ، ئێستا هەولێر 18 خاڵی هەیە لە ریزبەندی نۆیەمە و یاریی داهاتووش بەرامبەر تەڵەبە یاریی دەکات لە بەغدا، گەڕمەش بە 15 خاڵ لە ریزبەندی 12ـەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت، یاریی داهاتوو میوانداری نەجەف دەکات.