دوای پێنج یاریی، پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی نایابی کوردستان سەرکەوتنی بە دەستهێنا
دەربەندیخان بەردەوامە لە سەرکەوتنەکانی و هاتە ریزبەندی سێیەم
یاریگا –
پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی نایابی کوردستان، دوای پێنج گەڕ جارێکی تر گەڕایەوە سەرکەوتن.
ئاکرێ پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی نایابی کوردستان، دوای چوار شکست و یەکسان بوونێک بە سەرکەوتن شاد بوویەوە، ئاکرێ لە گەڕی سێزدەی خولی نایابی کوردستان میوانداری شەقڵاوەی کرد و یارییەکەشی 2 _ 1 لێ بردەوە، بەم سەرکەوتنە ئاکرێ بووە 16 خاڵ و هاتە ریزبەندی 10ـەیەم، شەقڵاوەش بە 11 خاڵ لە ریزبەندی 12ـەم مایەوە.
فەرحان شکور بەردەوامە لە درەوشانەوە و جارێکی دیکە دەربەندیخانی بە سەرکەوتنێکی تر شاد کرد و 1 _ 0 لە سیروانی نوێیان بردەوە، دەربەندیخان خۆی گەیاندە ریزبەندی سێیەم بە 19 خاڵ و سیروانی نوێش بە 16 خاڵ هاتە ریزبەندی نۆیەم.
رانیە لە دەرەوەی یاریگای خۆی 1 _ 0 لە سەید سادقی بردەوە و لە سەر دەستی دارا محەمەدی تازە راهێنەر تا ئێستا شکستیان نەهێناوە، رانیە 17 خاڵی هەیە لە ریزبەندی حەفتەمە و سەید سادقیش وێڕای زۆرترین گۆڕانکاری لە تیپەکە بە چوار خاڵ لە ریزبەندی 15ـەم و کۆتایی مایەوە.
وێڕای مانەوەی لە سەرووی ریزبەندی بە 27 خاڵ، شێروانە لە دواخولەکی یاریی بەرامبەر چوارقوڕنە گۆڵی یەکسان بوونی لێکرایەوە، بەڵێن فایەق لەو یارییەدا خولەکی 6 لێدانی سزای لە دەستدا، چوارقوڕنە هاوشانی سەید سادق 13 گەڕە سەرکەوتنیان بە دەست نەهێناوە، چوارقوڕنە هەشت خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 14ـەمی خولی نایابی کوردستان دێن.