یاریگا –
گرێبەستی ئێستای کیڤن دی برۆین لەگەڵ مانچێستەر سیتی لەم هاوینەدا کۆتایی دێت و سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە یانەکە پێشنیاری درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی پێنەداوە.
کیڤن دی برۆینی تەمەن 33 ساڵ لە مانگی حوزەیران گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی کۆتایی دێت و پێناچێت گرێبەستەکەی لەگەڵسیتیزن درێژبکرێتەوە. ماوەیەکە دەنگۆی ئەوە دەبیسترێت کە گرێبەستەکەی نوێ ناکرێتەوە و بەشێوەیەکی جدی ئەگەری جێهێشتنی هاتۆتە ئاراوە. هەواڵەکانی ئینگلتەرا باس لەوە دەکەن کە بەم نزیکانە یانە نوێیەکەی ئاشکرا دەکات.
تۆڕی هەواڵی ئەتلەتیک لە دوایین هەواڵەکانیدا باس لەوە دەکات کە ناوەڕاستکارە تەمەن 33 ساڵەکە بەهیزترین خولی تۆپی پێی جیهان جێدەهێڵێت و روو لە خولی ئەمریکی (MLS) دەکات.
هەر بە گوێڕەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، دی برۆین چەند مانگێکە لەگەڵ یانەی سان دیێگۆ کە تیپێکی نوێیە لە خولی ئەمریکی، لە پەیوەندی دایە و پێدەچێت رێککەوتنی نێوان لایەنەکان بەمزوانە رابگەیەنرێت.
دی برۆین ئامانجێکی گەورەیە بۆ یانەیەکە کە یەکەم یاری خۆی لە ساڵی 2025 دەکات، و بە جدی بیر لە گواستنەوەی ئەستێرە بەلجیکییەکە دەکەن و بە ئەگەرێکی زۆر دی برۆین بەم نزیکانە بەرامبەر لیۆنێل مێسی یاریی بکات.