بۆچی ریال مەدرید ئارنۆڵدی دەوێت و دەتوانێت چی بۆ ریال مەدرید زیاد بکات؟
هەموو شتێک لەبارەی سووربوونی ریال مەدرید لە گواستنەوەی ئارنۆڵد بزانە....
یاریگا –
پێدەچێت ریال مەدرید تاوەکو ئێستا نەگەیشتبێتە ئەو بڕوایەی، گالاکتیکۆسی ئەم سەردەمە ‘بێ خەوشە’ و پێویستیان بە یاریزانی دیکە نییە.
شەش مانگ بەسەر گواستنەویە کیلیان ئێمباپێ و دوو ساڵ بەسەر گواستنەوەی جود بێڵینگهام تێدەپەڕێت و وادیارە یاریزانێکی ئینگلیزی دیکەش لە لیستی ریال مەدریدە، تاوەکو سەردەمی نوێی گالاکتیکۆس تەواو ئامادەبێت.
پێشتر لە تۆڕی وەرزشی یاریگا بە وردی رووماڵی هەوڵەکانی ریال مەدرید بۆ گواستنەوەی ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد، ئەستێرەی لیڤەرپوول کراوە، تەنانەت لە کۆتاییەکانی مانگی رابردووشدا، یانەی ئیسپانییەکە بە فەرمی پرسیاری دۆخی ئارنۆڵدی لە لیڤەرپوول کرد و بە نەخێر بۆ هەر هەوڵێکی گواستنەوە وەڵامدرایەوە.
لە ئەگەری سەرکەوتنی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید لە گواستنەوەی ئارنۆڵد، جارێکی دیکە هێزی بڕاندی جیهانی ریال مەدرید دووپاتدەکرێتەوە، چونکە لە چنگ دەرهێنانی یاریزانێک لە یانەی منداڵی خۆی و لە یەکێک لە گەورەترین یانەکانی ئەوروپا ئاسان نییە، بە تایبەت یاریزانێکی وەکو ئارنۆڵد.
لە چەند ساڵی رابردوودا، ریال مەدرید سیاسەتی ‘ئێکسپایەر’بوونی گرێبەستی لە گواستنەوەی ئامانجەکانی پەیڕەوکردووە. سیناریۆییەکە لەگەڵ ئێدواردۆ کاماڤینگا، دەیڤد ئالابا، ئانتۆنیۆ رودیگەر و ئێمباپێ دووبارەکرایەوە. هەر کاتێک وادەی بەسەرچوونی گرێبەستی یاریزانێک نزیکببێتەوە، ریال مەدرید ‘لابەلا’ گفتوگۆی لەگەڵ دەکات و بەبێ بەرامبەر دەیگوازێتەوە.
هەرچەندە ئەمە سیاسەتێکی سەرکەوتوو بووە، بەڵام لە کەیسێکی وەکو ئێمباپێ لەوانەیە پارەی گواستنەوەی نەدابێت، بەڵام بەگوێرەی تۆڕی ئاتلێتیک بێت، ئێمباپێ لەکۆی گشتی مووچە و پاداشتەکانی لە ریال مەدرید، ساڵانە زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.
لەوانەیە پێشەکییەکە هەندێک درێژبێت، بەڵام بۆ چوونە نێو بابەتەکە گرنگە. ئەگەر لەڕووی پێویستی ریال مەدرید بە ئارنۆڵد سەیری بابەتەکە بکەین، مەدرید زۆر پێویستی بە ترێنتە، چونکە دانی کارڤاخال بەهۆی پێکان دابڕاوە و بۆشاییەکی زۆر لەو شوێنەدا هەیە، بۆیە کارلۆ ئانچێلۆتی خەون بە جێگرەوەیەکی وەکو ئارنۆڵد دەبینێت.
ترێنت یاریزانێکی جۆکەرە، ریال مەدرید چەندین ساڵە بەدوای یاریزانێکی لەمشێوەیە دەگەڕێت، کە ببێتە چادرێک بۆ کۆکردنەوەی تەواوی تەکتیکی دروستکردنی هێرشەکان لە گۆڵپارێزەوە تاوەکو تۆڕی گۆڵی بەرامبەر.
ریال مەدرید لە چەند ساڵی رابردوودا، وەبەرهێنانێکی زۆری لە هێڵی بەرگریدا کردووە، لە هاوینی ساڵی 2023 فران گارسیای لە رایۆ ڤاییکانۆ بەبڕی پێنج ملیۆن یۆرۆ گواستەوە، هەروەها لە یۆنیۆ/حوزەیرانی ساڵی 2022 رودیگەر و دەیڤد ئالابای لە هاوینی ساڵی پێشووتر بەبێ بەرامبەر گواستەوە. ئەمە وەبەرهێنانی کەمە لەڕووی داراییەوە، بەڵام ئەگەر باسی گواستنەوەکانی هاوینی ساڵی 2019 بکەین، ئەوکاتە مەدرید هەریەکە لە ئێدێر میلیتاو و فێرلاند مێندی بە نزیکەی 100 ملیۆن یۆرۆ گواستەوە و ئەمەش وەبەرهێنانێکی گەورەیە بۆ هێڵی بەرگری.
بەلای زۆرێک لە ئەندامانی دەستەی راهێنەرایەتی ریال مەدرید، کارڤاخال یەکێکە لە باشترین بەرگریکارانی لای راستی جیهان، چونکە توانایەکی گەورەی لە بەرگری و هێرشبردن هەیە، جیا لەمەش ئەزموونێکی گەورەی لە سەرکردایەتیکردنی یانە و توانای جەستەیی زۆر بەرزە، بۆیە بژاردەی بێ رکابەری کارلۆ بووە.
بەڵام لە سێپتێمبەر/ئەیلوولی رابردوو، بەستەری ئەژنۆی راستی کارڤاخال پچڕا و ئەمەش گورزێکی کوشندەبوو بۆ مەدرید. جیا لەمەش چەند رۆژێکی دیکە تەمەنی کارڤاخال دەبێتە 33 ساڵ، هەرچەندە لە ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی ساڵی 2026 نوێکرایەوە، بەڵام تاوەکو وەرزی داهاتوو ناتوانێت یاریی بکاتەوە، لە ئەگەری گەڕانەوەشی، لەوانەیە ئاستی وەکو جاران نەبێت، بۆیە جارێکی دیکە ناوی ئارنۆڵد دێتەوە نێو باسەکان.
لوکاس ڤازکێز، بژاردەیەکی دیکەی کارلۆیە کە لە سەرەتای هاوینی داهاتوو تەمەنی دەبێتە 34 ساڵ، بەراورد بە ئارنۆڵد، ڤازکێز ئەو یاریزانە نییە بتوانێت جیاوازی بۆ ریال مەدرید دروستبکات، بۆیە ئارنۆڵدی 26 ساڵان، هێزێکی گەورە بە هێڵی بەرگری مەدرید دەدات.
ئارنۆڵد توانایەکی زۆری بە تۆپەوە هەیە. یورگن کڵۆپ، راهێنەری پێشووی لیڤەرپوول، لە کۆتاییەکانی وەرزی رابردوو، بە شێوازی جیاواز یاریی بە ئارنۆڵد کرد و تاوەکو رادەیەکی زۆریش سەرکەوتوو بوو.
ئارنۆڵد وەکو دروستکەری یاریی لیڤەرپوول دەردەکەوت، لە خوارەوە شوێنی یارییکردنی ئارنۆڵد لە یاریی بەرامبەر فولهامی وەرزی رابردوو بەڕوونی دەردەکەوێت، کە جۆکەرە و دەتوانێت بۆشاییەکان پڕبکاتەوە.
تۆپ و بۆشایی پێبدە، هێرشی مەترسیدارت بۆ دروستدەکات، لە وێنەی خوارەوە، مەترسیی و چاوتیژی ئارنۆڵد بەڕوونی دیارە، کاتێک لەپڕ هێرشێکی مەترسیدار دروستدەکات.
پاسەکانی ئارنۆڵد زۆر خێرا و وردن، ئەمەش پێویستییەکی بێوێنەی ریال مەدریدە، بە تایبەت دوای لەدەستدانی توانا لەڕادەبەدەرەکانی تۆنی کروس.
یاریزانە ئینگلیزییەکە بێگومان، یەکێکە لە باشترین دابەشکەرانی تۆپ لەنێو یاریگا و ئارنە سڵۆت، سوودێکی زۆری لە تواناکانی وەرگرتووە، چونکە گۆڕینی یاریی و دروستکردنی دەرفەت لە هیچەوە، لە توانای هەموو یاریزانێکدا نییە.
لە تۆپی درێژدا، ئارنۆڵد تاکە یاریزانە زۆرترین پاسی لە یارییەکەدا، لە دووری زیاتر لە 30 یارد (37 مەتر) دروستکردبێت. تەنانەت لەسەر ئاستی پێنج خوولە گەورەکەدا، لە تۆنی کروس زیاتر پاسی لە مەودای زیاتر لە 37 مەتر داوە. لە گرافیکی خوارەوەدا بەڕوونی جیاوازیی کروس و ئارنۆڵد لەگەڵ یاریزانانی دیکە دەردەکەوێت.
لەگەڵ دەستبەرکاربوونی سڵۆت، جارێکی دیکە ئارنۆڵد گەڕایەوە سەر کاری رەسەنی خۆی، کە بریتییە لە بەرگریکارێکی کلاسیکی گۆڵ دروستکەر.
بەگوێرەی ئەم گرافیکەی لە خوارەوەیە، بەشی زۆری بەرکەوتنی یەکەمی ئارنۆڵد بە تۆپ، لە باڵی راست بووە و بەراورد بە وەرزی رابردوو زۆر کەم چووەتە هێڵی ناوەڕاست.
فراوانبینی ئارنۆڵد، وای لە ریال مەدرید کردووە زۆر سەرسامی ئەستێرە ئینگلیزییەکە بێت، چونکە بوونی یاریزانێکی دیکەی جۆکەری وەکو جود بێڵینگهام لە پێکهاتەی مەدرید، کارەکانی یانە شاهانەکە زۆر جیاواز و مەترسیدارتر دەکات.
ئەستێرەکەی لیڤەرپوول لە کڕوس (ئۆڤەر) زۆر وردبین و تیژە، دەتوانێت لە هیچەوە کڕۆسی زۆر مەترسیدار دروستبکات، ئەمەش چەکێکی بەردەوامی سڵۆتە لەم وەرزەدا.
ئەگەر پێویستیتان بە نموونە و وەبیرهێنانەوە بێت، لە خوارەوە، گۆڵی یەکەمی لویز دیاز بەرامبەر تۆتنهام لەم وەرزەدا ببینە، چۆن ترێنت ئەسیتێکی ناوازە دەکات.
گەورەترین رەخنە کە لە ئارنۆڵد بگیرێت، لاوازی بەرگریکردنییەتی، ئەمەش خاڵی لاوازی ریال مەدرید و لەوانەیە بە ئارنۆڵد چارەسەر نەکرێت. لە یاریی بەرامبەر مانچێستەر یونایتد، ئارنۆڵد ئاستێکی خراپی پێشکەشکرد و تەنانەت بە هۆکاری هەردوو گۆڵەکە دادەندرێت.
جیاوازی ئارنۆڵدی ئەم وەرزە لەگەڵ وەرزی رابردوو روونە، ئارنۆڵد لەگەڵ کڵۆپ ئازادییەکی زۆری لە یاریگادا هەبوو، بەڵام سڵۆت ئەرکی بەرگری زیاتری بە ترێنت داوە و کەمتر رۆڵی یاریزانی ئازاد دەبینێت.
ئارنۆڵد لەبارەی شێوازی یارییکردنی لەژێر سەرپەرشتی سڵۆت بەمشێوەیە قسەی بۆ سکای سپۆرتس کردووە
سڵۆت پێی گوتووم چۆن بوەستم و چەندە گرنگە بزانیت لەیاریگا بوەستیت، بە تایبەت کاتێک تۆپ لە ناوچەی یاریگای تیمی بەرامبەرە. ئەمەش یاریی بۆ یاریی دەگۆڕێت و شوێنی وەستانمان پەیوەستە بە تیمی رکابەر. بەڕاستی زۆر حەزم بەم تەکتیکەیە.
ئانچێلۆتی یەکێکە لەو راهێنەرانەی بەردەوام حەز بە گۆڕینی شوێنی یاریزانان دەکات، ئارنۆڵدیش نموونەیەکی سەرکەوتووی ئەمجۆرە تەکتیکەیە و دەتوانێت بەخێرایی خۆی لەگەڵ یانەکەی پایتەخت بگونجێنێت.