یاریزانێکی چێڵسی لە مەدریدەوە داواکراوە
یاریگا –
لە مەدریدەوە خواست لەسەر یاریزانێکی چێڵسی دروستبووە و دەیانەوێ بارودۆخەکەی بقۆسنەوە و لە لەندەنەوە بیگوازنەوە بۆ پایتەختی ئیسپانیا.
بلووز بە راهێنەرایەتی ئینزۆ مارێسکا تیمێکی تۆکمەی دروستکردووە و ئەم وەرزە، جگە لە ئەنجامی چەند هەفتەی رابردوو، وەک یانەیەکی زەحمەت خۆیان لە پرێمەرلیگ پیشانداوە. بەڵام چەند یاریزانێکی دیاری یانەکە لەژێر سەرپەرشتی راهێنەرە ئیتاڵیەکە پێگەی سەرەکیبوونیان بۆ نەماوەتەوە. لەوانە کریستۆفەر نکونکو، کە زۆرینەی یارییەکان لەسەر کورسی یەدەکە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پێگەی El Nacionalی ئیسپانی، دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری ئاتڵەتیکۆ مەدرید داوای لە یانەکەی کردووە یاریزانە فەڕەنسیەکە بگوازنەوە بۆ ریزەکانی رۆخی بلانکۆس.
ئەو سەرچاوەیە زانیویەتی کە داخوازییەکەی راهێنەرە ئەرجەنتینیەکە خێرایە و دەیەوێ لەم بازاڕی گواستنەوەی زستانەدا تەواوبکرێت.
نکونکو بەجۆرێک لە پلانەکانی مارێسکادا نەماوە، لە 18 یاریی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ تەنها 390 خولەک بەشداریی کردووە. ئەوەش واتا 21.6 خولەک بۆ هەر یارییەک.
لە چەند مانگی رابردووشدا هەواڵی گربگیدانی یانە مەدریدیەکە بڵاوبووەوە ئەو هێرشبەرەیان وەک جێگرەوەی ئانتوان گریزمان باس دەکرد.
نوێترین دەنگۆیەکان باس لە رۆشتنی گریزمان دەکەن لە کۆتایی گرێبەستەکەی و ئاتڵەتیکۆش بە نیاز نییە بۆی نوێبکاتەوە. خولی ئەمریکیش وەک وێستگەی داهاتووی گریزۆ چاوەڕوانکراوە.
گواستنەوەی نکونکو بۆ ریزەکانی ئاتڵەتیکۆ مەدرید، دەبێتە دووەم یاریزان لە لە دوای کۆنۆر کالاگێر لە ماوەی دوو مێرکاتۆی لەسەریەک لە چێڵسیەوە بگوازرێتەوە بۆ ئەو یانە مەدریدیە.