مانچێستەر یونایتد شوێنگرەوەی راشفۆردی دەستنیشانکرد
بە فەرمی هەنگاوەکانی گواستنەوەی دەستپێکراوە
یاریگا –
تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، مانچێستەر یونایتد بە فەرمی پرسیاری دەربارەی دۆخی رانداڵ کۆلۆ موانی لە پاریس سانجێرمان کردووە.
مان یونایتد دەمێکە چاودێری دۆخی موانی، یاریزانی نێودەوڵەتی فەڕەنسی دەکات و ئێستا دۆخی یاریزانەکە لە پارک دۆ پرێنس ناجێگیرە، ئەگەرەکانی چوونە دەرەوەی زیادبووە.
لە هاوینی ساڵی 2023دا، موانی زۆر لە مان یونایتد نزیکبوو، بەڵام لە کۆتاییدا ئێریک تێن هاخ، راهێنەری ئەوکاتەی مان یونایتد، بڕیاری گواستنەوەی راسموس هۆیلووندی دا.
پێدەچێت جارێکی دیکە موانی بەردەستبێت، چونکە لەم وەرزەدا تەنیا لە دوو یاریدا سەرەکی بووە و پاریس ئامادەیە گوێ لە ئۆفەرەکان بگرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سکای سپۆرتس، پاریس دەیەوێت بە یەکجاری دەستبەرداری موانی بێت، یاخود هەرهیچ نەبێت، سەرەتا بە خواستن بێت، بەڵام بڕگەی گواستنەوەی هەمیشەیی لە گرێبەستەکەدا جێگیر بکەن.
مان یونایتد رکابەری هەریەکە لە تۆتنهام، یوڤێنتوس و ئەیسی میلان لەسەر موانی دەکات.
کۆلۆ موانی لە هاوینی ساڵی 2023 بەبڕی 90 ملیۆن یۆرۆ لە ئێنتراخت فڕانکفورتەوە پەیوەندی بە پاریس کرد و گرێبەستێکی تاوەکو ساڵی 2028 لە پاریس واژۆکردووە، بەڵام لەم وەرزەدا بەشدارییەکانی سنووردارن.
کۆلۆ موانی لە ئەڵمانیا، لە کۆی 46 یاریدا 23 گۆڵی کردبوو. بەڵام موانی لە وەرزی یەکەمیدا لە پارک دۆ پرێنس، لە کۆی 26 یاریی لیگ وەندا تەنیا شەش گۆڵی کرد. لەم وەرزەشدا بەشداری لە 14 یاریی سەرجەم پاڵەوانیەتییەکاندا کردووە و تەنیا دوو گۆڵ و ئەسیستێکی هەیە.
موانی لە هاوینی ساڵی 2022 بە گرێبەستێکی خۆڕایی لە نانتی فەڕەنسییەوە پەیوەندی بە فڕانکفورت کرد.
کۆلۆ موانی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەڕەنسا 27 یاریی کردووە و خاوەنی هەشت گۆڵە.