تەواو؛ راشفۆرد یانەی داهاتووی هەڵبژارد
گفتوگۆکان چوونەتە قۆناخێکی پێشکەوتوو
یاریگا –
دوەین راشفۆرد، برا و بەڕێوەبەری کارەکانی مارکوس راشفۆرد بۆ چڕکردنەوەی گفتوگۆکان گەشتی میلان دەکات.
تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، گفتوگۆی سەرەتایی لە نێوان راشفۆرد و میلان دەستیپێکردووە، بەڵام ئێستا گفتوگۆکان هەنگاوێکی دیکە دەچنە پێش و برای راشفۆرد گەشتی میلان دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕە بەریتانییەکە بێت، میلان دەیەوێت تاوەکو کۆتایی وەرز راشفۆرد بە خواستن بباتە سان سیرۆ، بەڵام کێشەی سەرەکیش داراییە و میلان داوایکردووە، مانچێستەر بەشێکیک مووچەی راشفۆرد لە ئەستۆ بگرێت.
کێشەی سەرەکی گواستنەوەی راشفۆرد، مووچە بەرزەکەیەتی، چونکە هەفتانەی بڕی 325 هەزار پاوەند وەردەگرێت و گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2028 لە ئۆڵدترافۆرد بەردەوامە.
شەیتانە سوورەکان دەیەوێت سنوورێک بۆ بەرزی مووچەی یاریزانان دابنێت و راشفۆرد لە سەرووی لیستی ئەو یاریزانانە دێت کە مووچەیان بەرزە.
شەش یارییە راشفۆرد هیچ یارییەکی بۆ مان یونایتد نەکردووە و تەنانەت ناوی لە لیستی یاریزانانی یاریی دێربی بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە 15ی مانگی رابردوو نەبوو.
بەر لە دوورخستنەوەی لە پێکهاتەی سەرەکی ئەم وەرزە، بەشداری لە 15 یارییدا کرد کە لە 12یان سەرەکی بوو.