ئینگلتەراراپۆرتی تایبەتگرنگترین

هەموو شتێک بزانە؛ مەسک دەتوانێت لیڤەرپوول بکڕێت؟ هەڵوێستی خاوەنی لیڤەرپوول چییە؟

هاندەرانی لیڤەرپوول بەم هەنگاوە رازین؟

Yariga App

یاریگا –

گرنگیپێدانی ئیلۆن مەسک بە کڕینی لیڤەرپوول خەریکە دەبێتە راستی، هەرچەندە هیچ هەنگاوێکی فەرمی نەنراوە.

ئێرۆل مەسک، باوکی دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان لە نوێترین لێدواندا، باسی گرنگیپێدانی کوڕەکەی بە کڕینی لیڤەرپوول کرد.

گروپی فێنوەی سپۆرتس لە ساڵی 2010 بەبڕی 300 ملیۆن پاوەند لیڤەرپوولییان کڕی، لەو ساتەوە هیچ نیازێکیان بۆ فرۆشتنی یانەکە نەبووە.

ئێرۆل مەسک لە وەڵامی پرسیارێکی رادیۆی تایمز لەبارەی کڕینی لیڤەرپوول گوتی

ناتوانم کۆمێنتی لەسەر بدەم، نرخەکەی بەرزدەکەنەوە. دەنگۆکان راستن، بەڵام ئەمە بە مانای کڕین ناهێت. بەدڵنیاییەوە حەز دەکات و هەموو کەس حەز دەکات (لیڤەرپوول بکڕێتەوە).

یه‌كلاییبووه‌وه‌؛ ئیلۆن مەسک یانەیەکی مێژوویی ئینگلتەرا دەکڕێت

ئەم قسانەی باوکی مەسک جیدین و پێدەچێت، نیازێکی روونی کڕینی یانەکەی هەبێت.

لە مایس/ئایاری رابردوودا، گۆڤاری فۆڕبس بەهای لیڤەرپوولی بە 4.3 ملیار پاوەند خەمڵاند. ئەگەر بیرکاریانە بابەتەکە لێکبدەینەوە، ئەم پارەیە دەکاتە 1%ی سامانی مەسک کە بە 340 ملیار پاوەند دەخەمڵێندرێت.

دواتر باوکی مەسک باسی پەیوەندی خێزانی ماڵباتەکەی لەگەڵ شاری لیڤەرپوول کرد، ئەمەش دەنگۆکانی دوو ئەوەندە زیادکرد

داپیرەی مەسک لە لیڤەرپوول لەدایکبووە، ئێستاش ناسیارمان لە لیڤەرپوول دەژین. زۆر شەڕەفمەندبووین چونکە باندی بیتڵس (میوزیک)مان لەو شارە ناسی. بۆیە لیڤەرپوول سەرنجی ئێمە رادەکێشێت.

تاوەکو ئێستا ئەمە بەهێزترین بەڵگەی گرنگیپێدانی مەسکە بە کڕینی لیڤەرپوول، بەڵام لە بەرامبەردا چی دەگوزەرێت؟

ئایا ئیلۆن مەسک دەتوانێت لیڤەرپوول بکڕێت؟

تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتس بە پشتبەستن بە سەرچاوەی نێو گروپی فێنوەی سپۆرتس دووپاتیدەکاتەوە، لیڤەرپوول بۆ فرۆشتن نییە و هیچ ئۆفەرێکی فەرمی بۆ کڕینی یانەکە نەگەیشتووەتە دەست بەرپرسانی باڵای گروپە ئەمریکییەکە.

کاڤە سۆڵهێکۆڵ، رۆژنامەنووسی دیاری سکای سپۆرتس دەڵێت

راستە دوو ساڵ و نیو بەر لە ئێستا، خاوەنانی لیڤەرپوول چاوییان لە فرۆشتنی یانەکە، یاخود زیادکردنی وەبەرهێنانی نێو یانەکە بوو، بەڵام هیچ دەرەنجامێکی نەبوو و بابەتەکە داخرا.

چەند ساڵێک بەر لە ئێستا، جۆن هێنری، خاوەنی فێنوەی سپۆرتس گروپ لە لێدوانێکدا دووپاتیکردەوە، لیڤەرپوول بۆ فرۆشتن نییە و نیازی فرۆشتنیشیان نییە.

بەڵام ئەگەر مەسک نیازی کڕینی یانەکەی هەبێت، ئەوا هیچ ئاستەنگێکی گەورە لە رێگەدا نییە، چونکە هەموو شتێک بەهای خۆی هەیە و بە دابینکردنی پارەی داواکراو، دەبێتە خاوەنی یانەکە.

دۆخی ئێستای خاوەندارێتی لیڤەرپوول چۆنە؟

دۆخی دارایی لیڤەرپوول لە ئاستێکی زۆر باشدایە، خەرجییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە و سەقامگیری لە داهاتی یانەکەشدا هەیە.

جۆن هێنری، خاوەنی گروپی فێنوەی سپۆرتس لە فێبرایەر/شوباتی ساڵی 2023 جارێکی دیکە باسی ئەگەرەکانی فرۆشتنی لیڤەرپوولی کرد

ئایا تاهەتایە لە ئینگلتەرا دەمێنینەوە؟ ئایا لیڤەرپوول دەفرۆشین؟ باشە لە 20 ساڵی رابردوو هیچ شتێکمان فرۆشتووە؟

ساڵی رابردوو، فێنوەی سپۆرتس پشکی کەمینەی یانەکەی بە کۆمپانیای داینستی ئیکوتی ئەمریکی فرۆشت. مایک گۆردن، سەرۆکی ئەوکاتی یانەکە پابەندی فێنوەی سپۆرتس گروپی بە لیڤەرپوول پشتڕاستکردەوە و هۆکاری فرۆشتنی پشکی کەمینەی بۆ وەبەرهێنانی زیاتر گەڕاندەوە.

ئێستا یانەکە رووبەڕووی سێ کەیسی ئاڵۆزبووەتەوە، گرێبەستی هەریەکە لە محەمەد سەڵاح، ڤیرجیڵ ڤان دایک و ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد لە کۆتایی ئەم وەرزە بەسەردەچێت. کێشەی سەرەکی هەڕەمی سەرەوەی یانەکە، بەرزی مووچەکانیانە و دەیەوێت بە ئۆفەرێکی گونجاو هەرسێکیان بهێڵێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button