یاریگا –
کۆبی مەینوو مەرجی خستووەتە پێش گفتوگۆکانی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد.
میدیاکانی ئینگلتەرا لەنێویاندا رۆژنامەی دەیلی مەیڵ ئاشکرایکردووە کە لاوە ئینگلیزیەکە داخوازیی لە یانەکەی هەیە بۆ زیادکردنی مووچەی هەفتانەکەی پێش ئەوەی دانووستانەکان درێژەی پێبدەن.
گرێبەستی مەینوو لە هاوینی 2027 بەسەردەچێت. هاندەرانی یانەکە ئەو یاریزانە وەک یەکێک لە بناخە سەرەکییەکانی داهاتووی مان یونایتد دەبینن دوای ئەو ئاستەی لەو تەمەنە بچووکەی لە وەرزی رابردوو پیشانی دا.
کۆبی کە لە پێگەی ناوەڕاستی بەرگریی یاریی دەکات، لەلایەن چێڵسییەوە گرنگی پێدەدرێت و دەنگۆ هەیە چەند یانەیەکی گەورەی دیکەش خواستیان لە گواستنەوەی هەیە.
بەپێی ئەو زانیارییەی سەرچاوە ئینگلیزیەکە ئاشکرایکردووە، یاریزانە 19 ساڵانەکە داوادەکات مووچەی هەفتانەکەی بەرزبکەنەوە بۆ 200 هەزار پاوەند.
ئەوەش لەکاتێکدایە یانەکە بە هەبوونی هاوخاوەنێکی وەک سێر جیم راتکڵیف خەریکی رێکخستنەوەی خەرجییەکانە و هەنگاوەکانی گەشتووەتە کەمکردنەوەی کارمەند و جۆر و بڕی خواردنەکانیشیان.
ئەو مووچەی مەینوو داوای دەکات، 10 هێندەی ئەو بڕەیە کە ئێستا وەریدەگرێت.
خاوەنی بەرزترین مووچەی هەفتانە لە مانچێستەر یونایتد کاسیمیرۆیە بە 350 هەزار پاوەند. لەدوای ئەویش برونۆ فێرناندێش و مارکوس راشفۆرد بە 50 هەزار کەمتر و، ئانتۆنی بەڕازیلیش هەفتانە 200 هەزار پاوەند وەردەگرێ.