یاریگا –
نێیمار دا سیلڤا لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا باسی لە ئەگەرەکانی یەکگرتنەوەی لەگەڵ لیۆنێل مێسی و لویس سوارێز کرد و رای خۆی لەو بارەیەوە وت.
نێیمار ساڵی 2014 لە یانەی سانتۆسی وڵاتەکەیەوە گواسترایەوە بۆ بارسێلۆنا و سیانەیەکی تۆقێنەریان لەگەڵ مێسی و سوارێز پێکهێنا کە بە MSN ناوزددەکران. تا ساڵی 2017 کاتێک بلاوگرانای بەرەو پاریس سانجێرمان جێهێشت، هێڵێکی هێرشبەریی ترسناکیان لەسەر ئاستی ئیسپانیا و ئەورووپا دروستکردبوو. بەجۆرێک، ئەو سێ ساڵەی پێکەوەبوونیان و لەسەرجەم پاڵەوانێتیەکاندا مێسی 153 گۆڵ، سوارێز 121 گۆڵ و نێیماریش 90 گۆڵی تۆمارکرد.
نێیمار کە هاوینی داهاتوو گرێبەستتەکەی بەسەردەچێت، ئێستا لە هیلالی سعودیە و دوو هاوتیمەکەی پێشوویشی لە ئینتەر مەیامین. مانگی داهاتوو تەمەنی ئەستێرە بەڕازیلیەکە دەبێتە 33 ساڵ و لە ئێستاوە دەنگۆی رۆشتنی زۆر بەهێزە، ئەوە زیاتر بەهۆی زنجیرە پێکانەکانیەوە. لە نوێترین لێدوانیدا بۆ CNN سپۆرت باسی لە ئەگەرەکانی یەکگرتنەوەی MSN کرد و وتی
بە روونی بیڵێم، یاریکردن لەگەڵ مێسی و سوارێز زۆر نایاب دەبێ. ئەوان هاوڕێمن و تا ئێستاش پێکەوە قسەدەکەین. زۆر سەرنجڕاکێش دەبێت “سیانەکە” دروستبکەینەوە. بەڵام من ئێستا لە هیلال دڵخۆشم، لە سعودیە دڵخۆشم. بەڵام کێ دەزانێ چی روودەدات؟ تۆپی پێ پرە لە شتی چاوەڕواننەکراو.
دەربارەی قۆناخی دوای پاریس سانجێرمان کاتێ یاریزانی ئەو یانە فەڕەنسیە بوو، بۆچی نەچووە خولی ئەمرکی بۆ لای دوو هاوتیمەکەی پێشووی، نێیمار وتی
کاتێ دەنگوباسی رۆشتنم لە پاریس بڵاوبووەوە، بازاڕی گواستنەوەکان لە ئەمریکا داخرابوون. بۆیە ئەو بژاردەیەم نەمابوو.
سەبارەت بە ئۆفەری سعودیەکانیش، ئەو وتی
ئەو پرۆژەی پێشکەشیان کردم زۆر باش بوو. نەک تەنها بۆ خۆم، بەڵکو بۆ خانەوادەکەشم. سعودیە بۆ من باشترین بژاردەبوو.
لەوەتەی ساڵ و نیوێک دوای واژۆکردنی گرێبەستەکەی لەگەڵ هیلال، ئەو یاریزانە تەنها 7 یاریی بە درێسی یانەکەی شاری ریازەوە بەشداریکردووە (428) خولەک یاریکردن. زۆرینەی ماوەی لەو یانەیە بەهۆی پێکانەوە دووربووە.