ئاراوخۆ بارسێلۆنا بەجێدەهێڵێت و یانەی داهاتووی دەستنیشانکردووە
یاریگا –
ئاراوخۆ ریزەکانی بارسێلۆنا بەجێدەهێڵێت و بەڵێی بە یوڤێنتۆس داوە.
رۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە، رۆناڵد ئاراوخۆ بەڵێی بۆ یوڤێنتۆسی ئیتاڵی کردووە و دەیەوێت لە مێرکاتۆی زستانە بچێتە ریزەکانی ئەو یانەیەی تۆرین، کە یانە ئیتاڵییەکە دەیەوێت بە خواستن بەرگریکارە ئۆرۆگواییەکە بگوازێتەوە ریزەکانی.
رۆژنامە ئیتاڵییەکە ئاشکرایکردووە، یوڤێنتۆس دەیەوێت بە خواستن رۆناڵد ئاراوخۆ بباتە ریزەکانی، گەرچی ئاراوخۆ نزیکبوو گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا نوێبکاتەوە، بەڵام دەیەوێت دەرفەتی زیاتری یاریکردنی هەبێت، بۆیە رازی بووە بچێتە ریزەکانی بیانکۆنێری.
لاگازێتا دیلۆ سپۆرت راشیگەیاندووە، گەرچی بارسێلۆنا نایەوێت بە خواستن دەستبەرداری ئاراوخۆ بێت، بەڵام لەوانەیە بژاردەیەکی هێندە خراپ نەبێت، چونکە مووچە بەرزەکەی ئاراوخۆی لەکۆڵ دەبێتەوە، کە ساڵانە شەش ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت و ئەگەر بچێتە یوڤی، یانە ئیتاڵییەکە ناچار دەبێت نیوەی ئەو پارەیە بدات.
بەرگریکارە 25 ساڵانەکە تاوەکو هاوینی 2026 گرێبەستی لەگەڵ بارسێلۆنا هەیە و نرخی ئەو یاریزانە لە بۆرسەی یاریزانان 55 ملیۆن یۆرۆیە، کە لەوەتەی ساڵی 2020 لە بلاوگرانا یاریی دەکات و لە 151 یاری 8 گۆڵ و 6 ئەسیستی بە درێسی یانەکە کردووە.