لە بارسێلۆنا دووردەکەوێتەوە؛ راشفۆرد لە یانەیەکی ئەڵمانی نزیکە
بەرزی مووچەکەی کێشەی گەورەی دروستکردووە
یاریگا –
بۆڕووسیا دۆرتموند لە پێشەوە ئەو یانانەوەیە، کە هەوڵی گواستنەوەی مارکوس راشفۆرد، ئەستێرەی مانچێستەر یونایتد دەدەن.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، دۆرتموند رکابەری یانەکانی ئەیسی میلان، یوڤێنتوس، بارسێلۆنا و چەند یانەیەکی پرێمەرلیگ لەسەر راشفۆرد دەکات.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی یەکلاییکەرەوە لەسەر چارەنووسی نەدراوە، بەڵام راشفۆرد سوورە لەسەر جێهێشتنی مان یونایتد.
ئێستا لە مان یونایتد خەریکی هەڵسەنگاندنی دۆخی راشفۆرد و ئۆفەرەکان تاوتوێ دەکەن.
مان یونایتد و دۆرتموند پەیوەندییەکی زۆر باشییان هەیە، پێشتر لەسەر گواستنەوەی ئاڵۆزی جەیدن سانچۆ بەخواستن بۆ ماوەی 12 مانگ رێککەوتن.
کێشەی سەرەکی گواستنەوەی راشفۆرد، مووچە بەرزەکەیەتی، چونکە هەفتانەی بڕی 325 هەزار پاوەند وەردەگرێت و گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2028 لە ئۆڵدترافۆرد بەردەوامە.
شەیتانە سوورەکان دەیەوێت سنوورێک بۆ بەرزی مووچەی یاریزانان دابنێت و راشفۆرد لە سەرووی لیستی ئەو یاریزانانە دێت کە مووچەیان بەرزە.
شەش یارییە راشفۆرد هیچ یارییەکی بۆ مان یونایتد نەکردووە و تەنانەت ناوی لە لیستی یاریزانانی یاریی دێربی بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە 15ی مانگی رابردوو نەبوو.
بەر لە دوورخستنەوەی لە پێکهاتەی سەرەکی ئەم وەرزە، بەشداری لە 15 یارییدا کرد کە لە 12یان سەرەکی بوو.