زاخۆییەکان لە یاریگای خۆیان ریکۆردیان تۆمارکردووە؛ زاخۆ لەسەر ئاستی ئاسیا چوارەم زۆرترین هاندەری هەیە
ژمارەی هاندەرە ئامادەبووەکانی زاخۆ لە ڤیاڕیالی ئیسپانی و برێنتفۆردی ئینگلیزی و نەسڕی سعوودی زۆرترن
یاریگا –
زاخۆ لەسەر ئاستی ئاسیا چوارەم زۆرترین هاندەری هەیە، لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق زاخۆییەکان لە رووی ئامادەبوونیان لە یاریگا ریکۆردیان تۆمارکردووە.
بەگوێرەی ئامار و داتایەکانی پێگەی Transfer Marketـی جیهانی، لەسەر ئاستی خولەکانی جیهان یانەی زاخۆ لە رووی ژمارەی هاندەرە ئامادەبووەکانی ئەم وەرزەی لەسەر ئاستی کیشوەری ئاسیا چوارەم زۆرترین هاندەری هەیە، لەسەر ئاستی جیهانیش لە پلەی 90 دێت.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی پێگەی Transfer Market بڵاویکردووەتەوە، ناوەندی تێکڕای ئامادەبوونی هاندەرانی زاخۆ لە یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق 23،456 هاندەر بووە، واتە لەم وەرزە لە هەر یارییەکی نێو یاریگای نێودەوڵەتی زاخۆ زیاتر لە 23 هەزار هاندەر ئامادەبوون.
لەسەر ئاستی ئاسیا تەنیا یانەکانی ئیتیحادی سعوودی، تراکتۆری ئێرانی و ئەهلی سعوودی لەم وەرزە لە خولە ناوخۆییەکانیان ژمارەی هاندەرە ئامادەبووەکانیان لە زاخۆ زیاتر بووە، کە ناوەندی تێکڕای هاندەرانی ئیتیحاد لەم وەرزە 32،062 هاندەر بووە، هاندەرانی تراکتۆری ئێرانیش لەم وەرزە لە هەر یارییەک نزیکەی 26 هەزار هاندەر ئامادەبوون، ژمارەی هاندەرانی ئەهلی سعوودیش لە هەر یارییەکی ئەم وەرزە 23،502 هاندەر بووە.
لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، تەنیا لەو شەش یارییەی لە زاخۆ بەڕێوەچوون زیاتر لە 140 هەزار هاندەر ئامادەبوون، کە زاخۆ لەو یارییانە 14 خاڵی کۆکردووەتەوە و 14 گۆڵی کردووە و 4 گۆڵی لێکراوە.
یانەی زاخۆ لە رووی ژمارەی هاندەرە ئامادەبووەکانی لە یارییەکانی ئەم وەرزەی، لەپێشەوەی چەندان یانەی گەورە دێت، لە یارییەکانی ئەم وەرزەیان ژمارەی هاندەرانی ئامادەبووی زاخۆ لە یانەکانی ڤیاڕیالی ئیسپانی، برێنتفۆردی ئینگلیزی، نەسڕی سعوودی زۆرتر بووە.