بۆمب؛ ڤینیسیۆس لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سعوودیە لە پەیوەندیدایە
هەنگاوەکانی سەرەتایی گواستنەوەی دەستیانپێکردووە
یاریگا –
تاوەکو ئێستا سعوودیە دەستبەرداری خەونی گواستنەوەی ڤینیسیۆس جونیۆر نەبووە.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، سندووقی وەبەرهێنانی گشتی سعوودیە، لەڕێگەی خولی رۆشنەوە، لە نزیکەوە چاودێری دۆخی ڤینیسیۆس لە ریال مەدرید دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕە ئەمریکییەکە بێت، لە سەرەتای مانگی رابردوودا، پەیوەندیی تەلەفۆنی نوێ لە نێوان نوێنەری سندووقی وەبەرهێنانی گشتی سعوودیە و بەڕێوەبەری کارەکانی ڤینیسیۆس هەبووە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سعوودیە جیدی بوونی خۆی لە گواستنەوەی ڤینی دووپاتکردەوە، بەڵام هەوڵی فەرمی بۆ گواستنەوەی لە هاوینی داهاتوو روودەدات، نەک لە مێرکاتۆی ئێستای زستانە.
ئەهلی دیارترین یانەیە بۆ ئەوەی ڤینی پەیوەندی پێوە بکات، لە ئۆگەست/ئابی رابردوودا، نوێنەری یانەکە و نوێنەرانی ڤینیسیۆس لە لەندەن رووبەڕوو باسیان لە ئەگەرەکانی گواستنەوەی ئەستێرە بەڕازیلییەکە بۆ سعوودیە کرد.
ڤینیسیۆس بە وردی ئۆفەری سعوودییەکانی خوێندەوە و پێی رازیبوو، بەڵام هەستیکرد کاتەکە بۆ هەنگاوێکی لەمجۆرە گونجاو نییە.
گرێبەستی ڤینیسیۆس لە هاوینی ساڵی 2027 لە ریال مەدرید بەسەردەچێت و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی یەک ملیار یۆرۆیە. یانە ئیسپانییەکە ئامادەیی خۆی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی پیشانداوە، بەڵام بەڕێوەبەری کارەکانی دەیانەوێت تەواوی گفتوگۆکانی پەیوەندیدار بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ هاوینی داهاتوو دوابخەن.