چی لەبارەی گواستنەوەی راشفۆرد بۆ بارسێلۆنا دەزانین؟
پەیوەندی فەرمی لە نێوانیان روویداوە
یاریگا –
دۆخی مارکوس راشفۆرد لە مانچێستەر یونایتد تاوەکو دێت ئاڵۆز دەبێت و چەند یانەیەک لەسەرهێڵن.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، دوو وەرز پێش ئێستا، بارسێلۆنا چاوی لە گواستنەوەی راشفۆرد بوو، بەڵام ئەوکاتە بەهۆکاری جیاوازەوە هیچ هەنگاوێکی فەرمی نەنرا.
راشفۆرد لە پلانەکانی روبن ئامۆریم، راهێنەری مانچێستەر یونایتد نەماوە، بەگوێرەی هەموو ئاماژەیەک بێت، پێشبینی چوونە دەرەوەی راشفۆرد لە مێرکاتۆی ئەم زستانەدا دەکرێت.
رۆژنامە ئیسپانییەکە لە گوزارشتکردنی دۆخی ئێستای راشفۆرد لە مان یونایتد نووسیویەتی
راشفۆرد وەکو پەتاتەیەکی گەرمی لێهاتووە و مانچێستەر یونایتد نازانێت چۆن بەدەست بیگرێت. مان یونایتد دەیەوێت ژوورێکی جلگۆڕینی هێمنی هەبێت و راشفۆردیش ئەم دۆخە قبووڵ ناکات و ئامادەنییە چیدیکە لەسەر کورسی یەدەک بێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە کاتالوونییەکە بێت، راشفۆرد زۆر حەز دەکات لە بارسێلۆنا یاریی بکات و تەواو ئۆفەرەکانی لەلایەک داناوە و چاوەڕێی بارسێلۆنا دەکات. بەڵام بارسێلۆنا بەم دۆخە ئابووریەی ئێستای، ناتوانێت هیچ هەنگاوێکی گەورە بنێت، چونکە مووچەی هەفتانەی راشفۆرد ە مان یونایتد زۆر بەرزە.
🔥Rashford coquetea con el Barça
El extremo inglés quiere salir, prioriza España y su club no tendrá más remedio que ayudar en su salariohttps://t.co/7nYDUE0cIj
— Diario SPORT (@sport) January 7, 2025
مانچێستەر یونایتد دەیەوێت تێچووی مووچەی یاریزانان کەمبکاتەوە، بۆیە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەوڵەکانی مان یونایتد بۆ بەڕێکردنی راشفۆرد، مووچە بەرزەکەیەتی.
تاوەکو ئێستا تەنیا ئەیسی میلان بە جیدی بۆ گواستنەوەی راشفۆرد ئامادەیە و دەیەوێت بە خواستن تاوەکو کۆتایی وەرز بیگوازێتەوە.
رۆژنامە کاتالوونییەکە لەبارەی گرنگیپێدانی بارسا نووسیویەتی
برای راشفۆرد سەرپەرشتی کارەکانی دەکات، ئەو کۆمپانیایەی کارەکانی راشفۆرد راییدەکات، پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ بەرپرسانی بارسێلۆنا هەیە، بۆیە برای راشفۆرد هەوڵیداوە ئەگەرەکانی گواستنەوەی براکەی بۆ بارسێلۆنا بزانێت. بەڵام لە بەرامبەر بارسێلۆنا هیچ وەڵامێکی فەرمی نەداوەتەوە، بەڵام گواستنەوەکە بەدوور نازاندرێت.
راشفۆرد بەرهەمی ئەکادیمیای مانچێستەر یونایتدە و لە ساڵی 2015 یەکەم یاریی فەرمی کرد. لە کۆی 287 یارییدا 87 گۆڵی بۆ شەیتانە سوورەکان کردووە.