یاریگا –
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی باڵای وەرزشی لەسەر تانەی بارسێلۆنا بۆ تۆمارکردنی ناوی دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر لە لالیگا کۆببێتەوە.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، پێناچێت ئەمڕۆ ئەنجوومەنەکە بڕیاری یەکلاییکەرەوە بدات و ئۆلمۆ بتوانێت بەشداری لە یارییەکانی جامی سوپەری ئیسپانیا بکات، چونکە بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەنجوومەنەکە داوای روونکردنەوە لە لالیگا و یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا دەکات.
بارسێلۆنا هەوڵێکی دیکەی لەگەڵ لالیگا داوە، بۆ ئەوەی ناوی ئۆلمۆ بە شێوەیەکی کاتی تاوەکو کۆتا بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای وەرزشی تۆمار بکات، بە تایبەت تاوەکو بەشداری یارییەکانی جامی سوپەری ئیسپانیا بکات.
هانزی فلیک، راهێنەری بارسا پلانەکانی بۆ جامی سوپەر بەبێ ئۆلمۆ و ڤیکتۆر داڕێشتووە، بۆیە ژمارەیەکی زۆری یاریزانی لاوی لەگەڵ خۆی بردووەتە سعوودیە.
لەلایەکی دیکەوە، فێران مارتینێز، رۆژنامەنووسی دیاری رۆژنامەی سپۆرت دووپاتیکردووەتەوە، ئۆلمۆ تاوەکو ئێستا بە تەواوی بە بارسێلۆنا پابەندە و نایەوێت ریزەکانی یانە کاتالوونییەکە جێبهێڵێت.
بۆچی بارسێلۆنا ناتوانێت ناوی ئۆلمۆ لە لالیگا تۆمار بکات؟
بەگوێرەی یاساکانی لالیگا هەر یانەیەک بەگوێرەی باڵانسی نێوان خەرجییەکان و داهاتەکانی دەتوانێت مووچەی یاریزانەکانی بدات، واتە نابێت یانەکان خەرجییەکی زۆر بکەن بەبێ ئەوەی هێندە داهاتیان هەبێت، ئەمەش بۆ پاراستنی یانەکانە لە مایەپووچبوون.
مانگی فێبرایەری 2024 بەگوێرەی راگەیاندراوێکی کۆمەڵەی لالیگا، بەرزترین رێژەی مووچەی رێگەپێدراوی بارسێلۆنا 204 ملیۆن یۆرۆ بوو لەکاتێکدا ئەوکات مووچەی یاریزانانی یانەکە دەگەیشتە 500 ملیۆن یۆرۆ، بارسێلۆنا بۆ ئەوەی ئەو ئاستی مووچەی رێگەپێدراوی یاریزانەکانی بگەیەنێتە ئاستی مووچەی راستەقینەی یاریزانەکانی، دەستی بە زیادکردنی داهاتەکانی کرد، دەستی بە فرۆشتنی ئەو یاریزانانە کرد کە مووچەیان زۆرە و دەستی بە گەڕان بەدوای گرێبەستی سپۆنسەریکردن و بەکرێدانی موڵکەکانی یانەکەی کرد، لە مانگی سێپتێمبەری 2024 ئاستی مووچەی رێگەپێدراوی یاریزانەکانی گەیاندە 426 ملیۆن یۆرۆ، لەکاتێکدا هێشتا ئاستی مووچەی راستەقینەی یاریزانەکانی بلاوگرانا 500 ملیۆن یۆرۆ بوو.