وێستهام یونایتد شوێنگرەوەی لۆپیتگێ دەستنیشان دەکات
ئێڤەرتنیش لەسەرهێڵە
یاریگا –
وێستهام یونایتد گفتوگۆکانی لەگەڵ گراهام پۆتەر بۆ شوێنگرتنەوەی جولێن لۆپیتگێ دەستپێکردووە.
سەرەڕای خراپی ئەنجام و ئامارەکانی وێستهام لەم وەرزەدا، تاوەکو ئێستا لۆپیتگێ لە پۆستی راهێنەرایەتی ماوەتەوە و لە دوا هەشت یاریدا، تەنیا هەشت خاڵی بەدەستهێناوە.
تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، گفتوگۆکانی نێوان وێستهام و پۆتەر دەستیانپێکردووە، لەگەڵ گەیشتیان بە رێککەوتن، دەستبەجێ لۆپیتگێ لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕە بەریتانییەکە بێت، تاوەکو ئێستا وێستهام و پۆتەر رێکنەکەوتوون.
لەلایەکی دیکەوە، ئێڤەرتنیش چاوی لە پۆتەرە تاوەکو شوێنی شۆن دایچ بگرێتەوە، بەڵام هاوشێوەی کەیسی وێستهام، هیچ رێککەوتنێک نەکراوە.
پۆتەر لە هاوینی ساڵی 2022 بووە راهێنەری چێڵسی، بەڵام بەهۆی خراپی ئەنجامەکانەوە بەر لە کۆتایی هەمان وەرز لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.