گەورەکانی پرێمەرلیگ رکابەری لەسەر موانی دەکەن
لە مێرکاتۆی زستانەدا زۆرترین داواکاری لەسەر موانییە
یاریگا –
تۆتنهام هۆتسپێر و مانچێستەر یونایتد بە توندی رکابەری لەسەر رانداڵ کۆلۆ موانی، هێرشبەری پاریس سانجێرمان دەکەن.
چەند یانەیەکی پرێمەرلیگ لەگەڵ یوڤێنتوس، گرنگی خۆیان بە هێرشبەری فەڕەنسی پیشانداوە.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، بەڕێوەبەری کارەکانی موانی ئاگاداری گرنگیپێدانی جەند یانەیەکە و ئێستا لەگەڵ موانی هەڵسەنگاندن بۆ ئۆفەرەکان دەکەن.
کۆلۆ موانی لە هاوینی ساڵی 2023 بەبڕی 90 ملیۆن یۆرۆ لە ئێنتراخت فڕانکفورتەوە پەیوەندی بە پاریس کرد و گرێبەستێکی تاوەکو ساڵی 2028 لە پاریس واژۆکردووە، بەڵام لەم وەرزەدا بەشدارییەکانی سنووردارن.
کۆلۆ موانی لە ئەڵمانیا، لە کۆی 46 یاریدا 23 گۆڵی کردبوو. بەڵام موانی لە وەرزی یەکەمیدا لە پارک دۆ پرێنس، لە کۆی 26 یاریی لیگ وەندا تەنیا شەش گۆڵی کرد. لەم وەرزەشدا بەشداری لە 14 یاریی سەرجەم پاڵەوانیەتییەکاندا کردووە و تەنیا دوو گۆڵ و ئەسیستێکی هەیە.
موانی لە هاوینی ساڵی 2022 بە گرێبەستێکی خۆڕایی لە نانتی فەڕەنسییەوە پەیوەندی بە فڕانکفورت کرد.
کۆلۆ موانی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەڕەنسا 27 یاریی کردووە و خاوەنی هەشت گۆڵە.