سانجێرمان و بارسێلۆنا ململانێ لەسەر گۆڵکارێک دەکەن
بارسا گفتوگۆی سەرەتایی دەستپێکردووە
یاریگا –
ئاستۆن ڤیلا بەهای جۆن دوران دەستنیشان دەکات و چەند یانەیەکی ئەوروپی کەوتنە دۆخی ئامادەباشییەوە.
دوران، هێرشبەری کۆڵۆمبی لە هاوینی رابردوو ئامانجێکی دیاری وێستهام یونایتد و چێڵسی بوو، بەڵام لە کۆتاییدا لە یانەکەی بیرمینگهام مایەوە.
پێگەی تۆک سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، پاریس سانجێرمان بۆ گواستنەوەی دوران هاتووەتە سەرهێڵ و چاوەڕێی یەکلاییکردنەوەی دۆخی رانداڵ کۆلۆ موانییە، کە ئەویش ناوی بە چەند یانەیەک بەستراوەتەوە.
دوران لەم وەرزەدا 11 گۆڵی لە سەرجەم پاڵەوانیەتییەکان کردووە، لەوانە گۆڵی بردنەوە لە لێستەر سیتی، ئێڤەرتن و ساوسامتن.
ئاستۆن ڤیلا بڕی 60 ملیۆن پاوەندی بۆ گواستنەوەی دوران دەستنیشانکردووە و سانجێرمانیش ئامادەیە بیگوازێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، دێکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا لەگەڵ نوێنەری یاریزانە کۆڵۆمبییەکە کۆبووەتەوە و باسیان لە ئەگەرەکانی گواستنەوەی یاریزانەکە بۆ بارسا کردووە.
سانجێرمان لەم وەرزەدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و خاوەنی 40 خاڵە لە پێشەنگی لیگ وەن، بە جیاوازی حەوت خاڵ لەگەڵ ئۆڵێمپیک مارسیلیا.