بەدواداچوونی یاریگا؛ دهۆک لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق قەیرانی لێدانی پێناڵتی هەیە
یاریگا –
دهۆک لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق قەیرانی جێبەجێکردنی لێدانی سزای هەیە، یاریزانەکانی یانەکە چوار لێدانی سزایان فەوتاندووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی وەرزشی یاریگا، دهۆک لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق 5 پێناڵتی بۆ هەژمارکراوە، کەچی 4 پێناڵتییان فەوتاندووە، هەریەکە لە پیتەر گورگیس و پەشەنگ عەبدوڵا و یانیک زاکری و کەریم دەروێش لێدانی سزایان فەوتاندووە. لە یاریی بەرامبەر دیالا هەریەکە لە یانیک زاکری و پیتەر گورگیس لێدانی سزایان فەوتاند، کە دهۆک 3-1 ئەو یارییەی بردەوە.
لەکۆی ئەو پێنج پێناڵتییەی لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ دهۆک هەژمارکراوە، پیتەر گورگیس تاکە یاریزانە بە پێناڵتی گۆڵ کردبێت، لە یاریی بەرامبەر حدوود پێناڵتی گۆڵکرد کە هەڵۆیەکانی چیا 4-1 بردنەوەیان بەدەستهێناوە.
دهۆک لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، تاکە یانەیە لەسەر ئاستی یانەکان زۆرترین لێدانی سزای فەوتاند بێت، چوار یاریزانی جیاواز لێدانی سزایان جێبەجێکردووە، کەچی هەر چوار یاریزانەکە پێناڵتییان فەوتاندووە.