تایبەت بە یاریگا؛ لە چەند کاتژمێری داهاتوو ژیار گۆڤەند گرێبەستەکەی لەگەڵ کارەبا واژۆ دەکات
یاریگا –
لە چەند کاتژمێری داهاتوو ژیار گۆڤەند گرێبەستەکەی لەگەڵ کارەبا واژۆ دەکات، تا کۆتایی وەرز درێسی یانە پرتەقاڵییەکە دەپۆشێت.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، ئەمڕۆ ئێوارە تاوەکو سبەی ژیار گۆڤەند یاریزانی پێشووی دهۆک گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی کارەبا واژۆ دەکات، کە دوو رۆژە لەگەڵ ئەو یانەیە دەستی بە مەشق و راهێنان کردووە، بەڵام تا ئێستا گرێبەستەکەی واژۆ نەکردبوو، یانەی نەورۆز بەهێزەوە لەسەر هێڵ بوو بۆ ئەوەی ژیار بباتە ریزەکانی.
جگە لە یانەی کارەبا، یانەکانی مینا و نەفت و نەفتی بەسرە و نەورۆز لەسەر هێڵ بوون بۆ ئەوەی ژیار گۆڤەند بگوازێتەوە ریزەکانی، بەڵام دواجار ئەو کوڕە رواندزییە بەهۆی وەلی کەریم راهێنەری کارەبا خۆی یەکلاکردەوە و بڕیاریداوە درێسی ئەو یانەیە بپۆشێت، بۆ ماوەی شەش مانگ گرێبەستەکەی واژۆ دەکات.
ژیار (25 ساڵ) پێشتر درێسی یانەکانی پێشمەرگەی سلێمانی و برایەتی پۆشێوە، بۆ ماوەی سێ ساڵ درێسی یانەی دهۆکی پۆشیوە، مانگێک لەمەوبەر بە رەزامەندیی هەردوولا گرێبەستەکەی لەگەڵ دهۆک هەڵوەشاندەوە.