ئیسپانیاگرنگترین

دوایین پەرەسەندن؛ کەی دادگای باڵا وەڵامی تانەی بارسێلۆنا دەداتەوە؟

''لاپۆرتا کۆڵ نادات و فشارێکی زۆری لەسەرە''

Yariga App

یاریگا –

بارسێلۆنا لە باڵاترین ئەنجوومەنی وەرزشی ئیسپانیا تانە لە بڕیاری یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا و لالیگا داوە و چاوەڕێی وەڵام دەکات.

تاوەکو ئێستا بارسێلۆنا نەیتوانیوە ناوی دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر بۆ نیوەی دووەمی ئەم وەرزە تۆمار بکات، سەرەڕای ئەوەی بارسێلۆنا ئامادەیی بۆ فرۆشتنی کورسی بەشی تایبەت ‘VIP’ی کامپ نوو پیشانداوە.

بارسێلۆنا ئەمجارە لە ئەنجوومەنی باڵای وەرزشەکانی ئیسپانیا تانەی لە بڕیارەکەی یەکێتیی تۆپی پێ داوە، دادگاکە لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی وەرزشی ئیسپانیایە.

بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ پشووی بانکەکانی ئیسپانیایە و بابەتەکە پەیوەندی بە لایەنی داراییەوە هەیە، سبەی سێشەممە ئەنجوومەنە باڵاکە بڕیاری کۆتایی لەسەر تانەی بارسێلۆنا دەدات.

ماوەی هەفتەیەکە بارسێلۆنا بە هەموو شێوەیەک هەوڵی رازیکردنی لالیگا و یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا بۆ تۆمارکردنی ناوی ئۆلمۆ و ڤیکتۆر دەکات، بەڵام تەواوی هەوڵەکانیان شکستخواردووبوون.

بارسێلۆنا نایەوێت بەر لە بڕیاری دادگای باڵای وەرزشی ئیسپانیا هیچ لێدوانێکی فەرمی بدات.

لەم ماوەیەدا فشارێکی زۆر لەسەر خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسێلۆنا کراوە، زیاتر لە 10 کۆمەڵە و گروپی هاندەرانی بارسا، واژۆییان بۆ دەست لەکارکێشانەوەی لاپۆرتا کۆکردووەتەوە.

چەندین یانەی پرێمەرلیگ لە نزیکەوە چاودێری ئۆلمۆ دەکەن، بەڵام هیچ هەنگاوێکی فەرمی نەنراوە.

یاریزانی تەمەن 26 ساڵان لە هاوینی رابردوودا بە بەڕی 60 ملیۆن یۆرۆ لە لایپزیگەوە پەیوەندی بە بارسێلۆنا کرد، بەڵام بەهۆی سنووربڕی بارسا لە مووچەی یاریزانان، نەیتوانی بە شێوەیەکی هەمیشەیی ناوی ئۆلمۆ لەلالیگا تۆمار بکات، بۆیە دوای تووشبوونی ئاندرێس کریستیێنسن بە پێکان، ناوی ئۆلمۆ بە شێوەیەکی کاتی تاوەکو سەریساڵ تۆمارکرا.

بارسێلۆنا رێگە چارەی دیکە بۆ تۆمارکردنی ناوی ئۆلمۆ و ڤیکتۆر دەگرێتەبەر

بۆچی بارسێلۆنا ناتوانێت ناوی ئۆلمۆ لە لالیگا تۆمار بکات؟

بەگوێرەی یاساکانی لالیگا هەر یانەیەک بەگوێرەی باڵانسی نێوان خەرجییەکان و داهاتەکانی دەتوانێت مووچەی یاریزانەکانی بدات، واتە نابێت یانەکان خەرجییەکی زۆر بکەن بەبێ ئەوەی هێندە داهاتیان هەبێت، ئەمەش بۆ پاراستنی یانەکانە لە مایەپووچبوون.

مانگی فێبرایەری 2024 بەگوێرەی راگەیاندراوێکی کۆمەڵەی لالیگا، بەرزترین رێژەی مووچەی رێگەپێدراوی بارسێلۆنا 204 ملیۆن یۆرۆ بوو لەکاتێکدا ئەوکات مووچەی یاریزانانی یانەکە دەگەیشتە 500 ملیۆن یۆرۆ، بارسێلۆنا بۆ ئەوەی ئەو ئاستی مووچەی رێگەپێدراوی یاریزانەکانی بگەیەنێتە ئاستی مووچەی راستەقینەی یاریزانەکانی، دەستی بە زیادکردنی داهاتەکانی کرد، دەستی بە فرۆشتنی ئەو یاریزانانە کرد کە مووچەیان زۆرە و دەستی بە گەڕان بەدوای گرێبەستی سپۆنسەریکردن و بەکرێدانی موڵکەکانی یانەکەی کرد، لە مانگی سێپتێمبەری 2024 ئاستی مووچەی رێگەپێدراوی یاریزانەکانی گەیاندە 426 ملیۆن یۆرۆ، لەکاتێکدا هێشتا ئاستی مووچەی راستەقینەی یاریزانەکانی بلاوگرانا 500 ملیۆن یۆرۆ بوو.

بابەتی زیاتر

Back to top button