تەواو؛ مانچێستەر سیتی بەرگریکارێکی ئاسیایی دەگوازێتەوە
پێشتر یاریی لە خولی بیلاڕووسی و فەڕەنسا کردووە
یاریگا –
مانچێستەر سیتی گرنگیپێدانی بە بەرگریکارێکی ئوزباکستانی دەکاتە راستی.
تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، مان سیتی بە فەرمی پرسیاری داهاتووی عەبدولقادر خوسانۆڤ، لە لانسی فەڕەنسی دەکات.
ماوەیەکە چەندین یانەی گەورە لە نزیکەوە چاودێری دۆخی خوسانۆڤ، بەرگریکاری نێودەوڵەتی ئوزباکستانی و لانسی فەڕەنسی دەکەن.
هەفتەی رابردوو، بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانی 20 ساڵە دووپاتیکردەوە، خوسانۆڤ ئامادەیە یاریی بۆ گەورەترین یانەکانی ئەوروپا بکات.
خەیرەت خەسبیلین، بەڕێوەبەری کارەکانی خوسانۆڤ دەڵێت
عەبدولقادر خۆی وەک یەکێک لە باشترینەکانی هێڵی بەرگری ئەوروپا پیشانداوە. یاریزانێکی لاوە و رۆژانە خۆی بەرەوپێش دەبات.
خوسانۆڤ شایەنە یاریی بۆ گەورەترین یانەکانی ئەوروپا بکات. پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ لانس هەیە و هەردوولا هاوڕان لەسەر ئەوەی، ئەگەر خوسانۆڤ پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکات، یانەکەش شایەنی وەرگرتنی پارەیەکی باشە.
خوسانۆڤ بەرهەمی یانەی بونیۆدکۆری ئوزباکستانییە، لە هاوینی ساڵی 2022 پەیوەندی بە یانەی ئێنێرجێتیکی بیلاڕووسی کرد و لە هاوینی ساڵی 2023 بووە یاریزانی لانس.