یاریگا –
جۆشوا زیرکزی داوایەکی لە نوێنەرانی خۆی کردووە هەرچی زووە رێگەی چوونەدەرەوەی لە مانچێستەر یونایتد بۆ ئاسان بکەن.
زیرکزی کە پێشتر لە یانەی بایرن میونشن دەستی بە کاروانی پیشەگەرێتی کرد، تا ساڵی 2022 لە یانە باڤارییەکە مایەوە پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ بۆڵۆنیای ئیتاڵی. لەو ریزەکانی بۆڵۆنیا توانی ئاستی خۆی پیشان بدات و سەرەنجام مان یونایتد لە هاوینی 2024 لەسەر خواستی ئێریک تێن هاخی هاونیشتیمانی، بە بڕی 36.5 ملیۆن پاوەند گواستیانەوە بۆ ئۆڵدترافۆرد.
تا مانەوەی تێن هاخیش، جۆشوا کاتی باشی پێدەدرا بۆ پیشاندانی تواناکانی، بەڵام بە هاتنی روبن ئامۆریم هەمووشت گۆڕا و ئەو یاریزانە هۆڵەندیە لە بژاردە سەرەکییەکانی راهێنەرە پۆرتوگالیەکەدا نەماوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرنامەی caughtoffside، زیرکزی داوای لە نوێنەرەکانی کردووە هەر ئەم زستانە رێگەی چوونەدەرەوەی لە مان یونایتد بۆ بدۆزنەوە بۆ گەڕانەوە بۆ ئیتاڵی.
هێرشبەرە 23 ساڵانەکە لەم وەرزەی پرێمەرلیگ تا پێش یارییەکەی ئەمشەو بەرامبەر لیڤەرپوول، لە 19 یاریدا بەشداریپێکراوە. ئەوەش واتا بە رێژەی تەنها 36.7 خولەک بۆ هەر یارییەک. لە یۆرۆپالیگیش لە 5 یاریدا 218 خولەک یاریپێکراوە. هەموو ئەوانە ئاماژەن بەوەی کە ئەرکی ناوبراو ئێجگار سەخت بووە بۆ رکابەرایەتی لەپێناو پێگەی سەرەکیبوون لەژێر راهێنەرایەتی ئامۆریم.