تایبەت بە یاریگا؛ رێوان ئەمین لە شوڕتە دەمێنێتەوە
یاریگا –
رێوان ئەمین لە شوڕتە دەمێنێتەوە و یانەکەی ئامادە نییە مافی دەستبەرداربوونی پێبدات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، یانەی شوڕتە ئامادە نییە مافی دەستبەرداربوونی رێوان ئەمین ناوەراستکاری یانەکەی بدات و دەیەوێت لە یانەکە بمێنێتەوە، کە بەهۆی کەمی دەرفەتی یاریکردنی ئەو ناوەڕاستکارە کوردە دەیەوێت ریزەکانی شوڕتە بەجێبهێڵێت.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، باوکی رێوان ئەمین لە رۆژانی رابردوو سەردانی بەغدای کردبوو، بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی یانەکەی بەغدا گفتوگۆ لەبارەی رۆیشتنی رێوان بکات، بەڵام یانەی شوڕتە دووپاتیان کردووەتەوە، مافی دەستبەرداربوون بە رێوان نادەن و ئامادە نین گڵۆپی سەوز بۆ ئەو ناوەڕاستکارەی یانەکەیان هەڵبکەن.
رێوان ئەمین لە شوڕتە دەرفەتی یاریکردنی وەکو پێویست نییە و لەم وەرزە تەنیا بەشداریی 7 یاریی کردووە و لە زۆربەی یارییەکانی یانەکەی لەسەر کورسی یەدەک دادەنیشێت، بە درێسی شوڕتە لە 7 یاری تەنیا 358 خولەک یاریی کردووە، لە خولی ئەستێرەکانی عێراق 6 یاریی کردووە و لە خولی بژاردەکانی ئاسیاش تەنیا 4 خولەک یاریی کردووە.
رێوان ئەمین خاوەنی 3 یاریی بە درێسی هەڵبژاردەی عێراق و پێشتر درێسی یانەکانی دالکورد و ئۆستەرشوندی سویدی و هێرنڤینی هۆڵەندی پۆشیوە و لە فێبرایەری 2023 پەیوەندی بە ریزەکانی دهۆک کرد.