بازاڕی گواستنهوهراپۆرتی تایبەتعێراقگرنگترین
مێرکاتۆی زستانە؛ دوایین دەنگۆ و گرێبەستە واژۆکراوەکانی یانەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق
تۆڕی وەرزشی یاریگا رۆژانە نوێترین دەنگۆ و گرێبەستە واژۆکراوەکانی یانەکانی عێراق بڵاو دەکاتەوە
یاریگا –
بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان لە عێراق لە رۆژی 5ـی یەنایەر/کانوونی دووەم تاوەکو رۆژی 5ـی فێبرایەر/شوباتی ئەمساڵ دەکرێتەوە، تۆڕی وەرزشی یاریگا دوایین دەنگۆ و گرێبەستە واژۆکراوەکانی دیارترین یانەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بڵاو دەکاتەوە.
دوایین دەنگۆیەکان:
- یانەی ئۆرێبرۆی سویدی بەفەرمی رۆیشتنی ئەحمەد یاسین هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراقی لە یانەکەی راگەیاند، کە بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا یانەی زاخۆ جارێکی دیکە بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە چووەتە سەر هێڵ، ئەگەر هیچ ئۆفەرێکی دیکە لە دەرەوەی عێراق بەو هێرشبەرە کوردە نەگات، ئەحمەد یاسین لە چەند رۆژی داهاتوو دەبێتە یاریزانی زاخۆ.
- یانەی زەوڕا بە جددی بۆ گواستنەوەی محەمەد قاسم هێرشبەری یانەی نەجەف دەستی بە هەوڵەکانی کردووە و هەردوولا لەگفتوگۆدان.
- یانەکانی دهۆک و زاخۆ و مینا دەیانەوێت ئەحمەد زێڕۆ یاریزانی کوردی یانەی شوڕتە بگوازنەوە ریزەکانیان، کە ئەو یاریزانە کوردە بەهۆی کەمی دەرفەتی یاریکردنی دەیەوێت ریزەکانی شوڕتە بەجێبهێڵێت.
- زەید ئیسماعیل یاریزانی یانەی تەڵەبە لە چوونی بۆ ریزەکانی یانەی قوە جەوییە نزیکە.
- عەلی جاسم هێرشبەری لاوی عێراقی یانەی کۆمۆی ئیتاڵی لەگەڵ سیسک فابریگاس راهێنەری یانەکەی کۆدەبێتەوە، بۆ ئەوەی رازی بکات تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە بە خواستن رووبکاتە یانەیەکی دیکە، کە لە هۆڵەندا و سعوودیەوە ئۆفەری پێگەیشتووە.
- هیران ئازاد دوای چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ یانەی قوە جەوییە دەستی بە راهێنانەکانی کردووەتەوە و لە یانەکەی دەمێنێتەوە.
- ئیبراهیم غازی هێشتا پێداگیری لەسەر رۆیشتنی لە یانەی زەوڕا دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا یانەکەی رازی نییە مافی دەستبەرداربوونی پێبدات.
- یانەی نەورۆز لەگەڵ محەمەد زریقات بەرگریکاری ئوردنی یانەی سەڵتی ئوردنی گەیشتووەتە رێککەوتن، تەنیا راگەیاندنی گرێبەستەکان ماوە.
- دوو یانەی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئۆفەریان پێشکەشی رۆبن ئاکوا ناوەڕاستکاری دهۆک کردووە بۆ ئەوەی بیگوازنەوە ریزەکانیان.
- یانەی دهۆک لەگەڵ سیمۆن شەریف بەرگریکاری یانەی هێلرۆدی دانیمارکی لەگفتوگۆدایە بۆ ئەوەی ئەو یاریزانە 27 ساڵانە بگوازێتەوە ریزەکانی کە لە خولی پلەیەکی دانیمارکی یاریی دەکات.
- ئەمڕۆ محەمەد خەلیل ناوەڕاستکاری یانەی برایەتی پەیوەندی بە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دەکات و بۆ خولی نایابی عێراق لەگەڵ ئەو یانەیە دەست بە مەشق و راهێنانەکانی دەکات.
گرێبەستە واژۆکراوەکان:
- یانەی کارەبا بەفەرمی گواستنەوەی ژیار گۆڤەند یاریزانی پێشووی دهۆک، مونتەزیر رەحیم یاریزانی گەرمە و محەمەد عەبدولکەریم یاریزانی رەمادی راگەیاند.
- یانەی حدوود بەفەرمی حەسەن سروور یاریزانی لوبنانی لە یانەی زەوڕاوە گواستەوە ریزەکانی.
- زاخۆ بەفەرمی گواستنەوەی هادی ساڵح کەریم ناوەڕاستکاری بە رەسەن عێراقی یانەی ترێلیبۆرگی سویدی راگەیاند، ئەو یاریزانە 27 ساڵانە بۆ ماوەی ساڵێک و نیو گرێبەستی لەگەڵ زاخۆ واژۆ کردووە، کە لە خولی سویدی لە 26 یاری 10 گۆڵی کردووە.
- زاخۆ بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ ئێچیتا دێپیوتی هێرشبەری نەیجیری واژۆکردووە، کە ئەو هێرشبەرە 24 ساڵانە بۆ ماوەی ساڵێک و نیو درێسی یانە سوور و سیپۆشەکە دەپۆشێت.
- یانەی دهۆک گرێبەستی لەگەڵ مستەفا عوەیێد بەرگریکاری یانەی ئێف سی روسێنگورد راگەیاند، کە پێشتر لە ریزی یانەی هێسلێهولم یاریی کردووە و دەتوانێت لە دڵی بەرگری و راست و چەپ یاریی بکات.
- یانەی دهۆک بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ لوكاس هێنریكی تورسی بەرگریکاری بەڕازیلی لە یانەی مێمفێس 901ـی ئەمریکییەوە راگەیاند، کە لە دڵی بەرگری یاریی دەکات.