یاریگا –
دوای ئاستە بەرزەکەی بەرامبەر زەوڕا میدیاکارانی عێراقی داوا لە کاساس دەکەن بانگهێشتی حەمە ئیتۆ بکات.
محەمەد سامی ناسراو بە حەمە ئیتۆ هێرشبەری کوردی یانەی قوە جەوییە بەو ئاستە بەرزەی لە یاریی بەرامبەر زەوڕا پێشکەشیکرد، سەرنجی میدیاکارانی عێراقی راکێشاوە و داوا دەکەن خیسوس کاساس راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بانگهێشتی بکات.
تەها ئەبو رغیف، رۆژنامەنووسی بەناوبانگی عێراق لەبارەی حەمە ئیتۆ نووسیویەتی :’محەمەد سامی یاریزانی تاراوگەنشینە؟ بۆچی کاساس بانگهێشتی هەڵبژاردەی ناکات؟ بە بۆچوونی من ئەم یاریزانە لە بیرکردنەوە و بڕیاردان لە زۆربەی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق باشترە’.
رۆژنامەنووسە عێراقییەکە بەشێک لە جولەکانی حەمە ئیتۆی لە یارییەکەی قوە جەوییە و زەوڕا بڵاوکردووەتەوە، وەکو بەڵگەیەک بۆ قسەکانی کە حەمە ئیتۆ لەو یارییە بە جوڵەکانی هەمووانی سەرسام کردبوو، کە زەوڕا 3-1 لە جەوییەی بردەوە.
کەرار محەمەد رۆژنامەنووسێکی دیکەیە ستایشی ئاستی محەمەد سامی دەکات و لەبارەی یاریزانە کوردەکە نووسیویەتی :’محەمەد سامی لەوەتەی وەرزی رابردووەوە لەگەڵ نەورۆز ئاستێکی جێگیری هەیە، ئەم وەرزەش لەگەڵ قوە جەوییە هاندەران و شارەزایانی سەرسام کردووە، کەچی هێشتا کاساس لە پشتبەستن بە یاریزانانی ئێکسپایەر و یاریزانە بەتەمەنەکان بەردەوامە’.
‘
حەمە ئیتۆ لە وەرزی رابردوودا لە کۆی 28 یاریدا لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا شەش گۆڵی کرد (سێ لێدانی سزا). ئەستێرە کەرکووکییەکە پێشتر یاری بۆ یانەکانی جەوییە، کەرکووک، هەولێر، پێشمەرگەی هەولێر و نەورۆز کردووە.
قوە جەوییە لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە کۆکردنەوەی 27 خاڵ پێشەنگی خولەکەی گرتووە و دوای تێپەڕبوونی 12 گەڕ بە جیاوازیی دوو خاڵ لەپێش شوڕتە دێت.