گەورەکانی پرێمەرلیگ لەسەر کونیا دەجەنگن و وۆڵڤز پلانی جێگرەوەی هەیە
''دەبێ خۆمان بۆ یارییکردن بەبێ کونیا رابهێنین''
یاریگا –
وۆڵڤز تەواوی هەوڵەکانی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی ماتیوس کونیا، هێرشبەری بەڕازیلی چڕکردووەتەوە.
دوو ساڵ و نیو بۆ بەسەرچوونی گرێبەستی کونیا ماوە، بەڵام وۆڵڤز دەیەوێت گرێبەستێکی درێژخایەنی لەگەڵدا واژۆ بکات و لە چنگی گەورەکانی پرێمەرلیگ بیپارێزێت.
میکێل ئارتێتا، راهێنەری ئارسیناڵ لە پرێس کۆنفڕانسی دوێنێ هەینی دانی بە ئامادەیی یانەکەی بۆ گواستنەوەی یاریزانان لە مێرکاتۆی زستانە نا گوتی
ئەگەر شتێک لە بازاڕەکاندا هەبێت و توانای گواستنەوەمان هەبێت و کاریگەری لەسەر تیمەکە دروستبکات، ئەوا کراوەین بەرامبەر ئەم بابەتە.
کونیا لە یاریی 14ی مانگی رابردوو بەرامبەر ئیپسویچ تاون، لەگەڵ ئەندامێکی ئیپسویچ شەڕیکرد و ئێستا بۆ دوو یاریی سڕ کراوە. کونیا بەشداری یارییەکانی بەرامبەر نۆتینگهام فۆڕێست لە پرێمەرلیگ و بریستۆل سیتی لە جامی FA ناکات.
ڤیتۆر پێرێیرا، راهێنەری وۆڵڤز لە بارەی ئامادەنەبوونی کونیا لە دوو یاریی داهاتوو و ئەگەری بەشداری نەکردنی لە یارییەکاندا گوتی
دەبێ خۆمان بە یارییکردن بەبێ کونیا رابهێنین. دەبێ وەکو تیمێک یاریی بکەین. یاریزانی باش و ئاست بەرزمان هەیە و دەبێ بەردەوام ئامادەبین.
لەم وەرزەدا، یاریزانی بەڕازیلی 10 گۆڵی لە 18 یاریی پرێمەرلیگدا کردووە، ئێستا ناوی بە توندی بە پەیوەندیکردنی بە ئارسیناڵ بەستراوەتەوە.