یاریگا –
ڤینیسیۆس جونیۆر جارێکی دیکە لە یاریگای مێستایا بووەتە سەردێری میدیاکان، بەڵام ئەمجارە بەهۆی خراپ هەڵسوکەوتکردنە.
ئەستێرەی ریال مەدرید لە یاریی شەوی رابردوو بەرامبەر ڤالێنسیا بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، ئەمەش دووەم کارتی سووری ڤینییە لە یاریگای مێستایا.
سەرەڕای ئەوەی ریال مەدرید 1-2 یارییەکەی بردەوە، بەڵام ڤینی لە گێمی دووەمدا، کاردانەوەیەکی توندی بەرامبەر ستۆڵ دیمیتریڤسکی، گۆڵپارێزی ڤالێنسیا کرد و لە حاڵەتێکی پڕمشتومڕدا، بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.
هەرچەندە رووداوەکە بێ تۆپ بوو، ڤینی بە توندی پاڵی بە گۆڵپارێزەکەوە نا و ئەمەش وایکرد ناوبژیوانی یارییەکە کارتی سووری پێبدات.
سۆتۆ گرادۆ، ناوبژیوانی یارییەکە بەر لە بڕیارەکەی، پەنای بردە بەر ڤار و هەڵسەنگاندنی بۆ رووداوەکە کرد.
راپۆرتی ناوبژیوانی یارییەکە
رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ راپۆرتی ناوبژیوانی یارییەکەی بڵاویکردووەتەوە و سۆتۆ گرادۆ لەبارەی بڕیارەکەی دەڵێت، ڤینیسیۆس لەبەر ئەوەی بە ئەنقەست گورزی بەر دەموچاوی یاریزانی رکابەر گەیاندووە، بەبێ ئەوەی تۆپ لە رووداوەکەدا هەبێت.
لە خوولەکی 79دا، یاریزانی ژمارە (7) دی ئۆلیڤێرا دۆ ناسیمێنتۆ، ڤینیسیۆس خۆسێ بەهۆی ئەم هۆکارانەوە کارتی سووری پێدرا: بە ئەنقەست گورزی لە سەری یاریزانی رکابەر داوە، بەبێ ئەوەی ناکۆکی لەسەر تۆپ هەبێت، هێزێکی تەواوی بۆ هێرشەکە بەکارهێناوە.
کاتێک بە کارتی سوور دەرکرا، ئەندامانی یانەکەی ناچاربوون یاریزانەکە بگرن و بیگوازنەوە بۆ ژووری جلگۆڕین، کەچی ئەو هەر ناڕەزایی لە بڕیارەکە دەردەبڕی.
ریال مەدرید تانە لە بڕیارەکە دەدات
سەرەڕای کارتە سوورەکە، ریال مەدرید یارییەکەی 1-2 بردەوە، بەڵام ئێستا تەواوی سەرنجەکان چوونەتە سەر ڤینیسیۆس.
کارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید لە دوای یارییەکە دووپاتیکردەوە، تانە لە بڕیارەکە دەدەن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی ماوەی سزاکەی.
ئەمە یەکەمجارنییە هەڵسوکەوتی ڤینیسیۆس مشتومڕ دروستدەکات و پێشتر لە هەمان یاریگا، بەهۆی هوتافی رەگەزپەرستییەوە، کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و کاردانەوەی گەورەی دروستکرد.