عێراقکوردستان

قەحتان جەسیر: لە گواستنەوەی زستانە گرێبەستی نوێ واژۆ دەکەین

مەڕوان حوسێن: سوپاسی راهێنەر دەکەم کە بە سێ هێرشبەر یاریی دەکات

Yariga App

یاریگا –

دوای سەرکەوتنیان بەرامبەر دیالا، قەحتان جەسیر راهێنەری نەورۆز دەڵێت لە گواستنەوەی زستانە یاریزانی تازە دەگوازینەوە.

لە گەڕی 12ـەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، نەورۆز لە یاریگای خۆی 2 _ 1 لە دیالای بردەوە دووەم سەرکەوتنی بە دوای یەک بوو لە خولەکە بۆ قەحتان جەسیری راهێنەری نەورۆز و یارییەکی جامی عێراقیشی بردۆتەوە.

قەحتان راهێنەری سوور پۆشەکانی سلێمانی دوای تەواو بوونی یارییەکەی ئەمڕۆ رایگەیاند کە تیپەکەی پێویستی بە یاریزانی تازە هەیە، راهێنەرەکە دەربارەی یارییەکە زیاتر گوتی:

رازیم لە ئاستی یاریزانەکانم، پێویستمان بەم سەرکەوتنە هەبوو بۆ ئەوەی یاریزانەکانم زیاتر باوەڕ بەخۆبوون دروست بکەن، چاوەڕوانی گواستنەوەی زستانەین بۆ ئەوەی یاریزانی تازە بهێنینە ریزی تیپەکەمان، دیالا تیپێکی لاون و ئاستێکی باش لە یاریگا پێشکەش دەکەن.

مەڕوان حوسێن هێرشبەری نەورۆز کە دوای یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی ئامادەبوو، دەربارەی یارییەکە و سەرکەوتنەکەیان گوتی:

سوپاسی راهێنەر دەکەم کە بە سێ هێرشبەر یاریی دەکات کە ئەوەش وادەکات ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەین، شوێن پەنجەی راهێنەر لە سەر تیپەکە دیارە و یاریی دوای یاریی ئاستمان بەرەو پێشتر دەچێت، ئامانجمان زیاتر هاتنە پێشەوەیە لە ریزبەندی یانەکان کە پێشووتر چاوەڕوان نەدەکرا لەم ریزبەندیەی دواوە بین.

بەم سەرکەوتنە نەورۆز کۆی خاڵەکانی گەیاندە 14 خاڵ و هاتە ریزبەندی 16ـەمی خولەکە، گەڕی داهاتووش لە بەسڕە رووبەرووی نەفتی بەسڕە دەبێتەوە، دیالا بە چوار خال لە ریزبەندی 19ـەم و پێش کۆتایی مایەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button