ناپۆلی دوو ئەستێرەی لەدەستدا بۆ لوتکەی سکودێتۆ
یانەی ناپۆلی بەفەرمی رایگەیاند کڤیچا کڤاراتسخێلیا و ماتیۆ پۆلیتانۆ بۆ یارییەکەی بەرامبەر فیۆرەنتینا ئامادەنابن.
کڤارا پێکانی ئەژنۆی هەیە و لە یارییەکەی بەرامبەر ئودێنزیش بەشداری نەکرد. هەرچەندە بڕیار وابوو بۆ یارییەکەی ڤیۆلا بگەڕێتەوە بەڵام تووشی ماندووێتی ماسولکە هاتووە. پۆلیتانۆ بەهەمان شێوە پێکانی هەیە و ئامادە نیە بۆ گەڕانەوە.
ئەنتۆنیۆ کۆنتی راهێنەر لەوبارەیەوە وتی “لەم وەرزەدا بە باشی توانیومانە شوێنی یاریزانە سەرەکییەکان پڕ بکەینەوە لە کاتی پێکاندا. پێشتر لە باری گیڵمۆر و لۆبۆتکا ئەنجاممان دا و ئێستاش بۆ کڤارا هەر بەو شێوەیە دەبێت”.
ناپۆلی بە 41 خاڵ لە پلەی دووهەم دایە و فیۆرەنتینا بە 32 خاڵ لە پلەی پێنجەم دایە و یارییەک کەمتری ئەنجامداوە. لە باری بردنەوە لە ناپۆلی وهەروەها یارییە دواخراوەکەی دەتوانێت جیاوازییەکەی لەگەڵ پلەکانی یەکەم و دووهەم کەمبکاتەوە بۆ چەند خاڵێک.