یاریگا –
چەند رۆژێکە بازاڕی گواستنەوەکانەوەی زستانە لە پرێمەرلیگ دەستپێکردووە و یانەکان دەتوانن دەرفەت لەو وادەیە ببین بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکانیان یاخود کڕینی یاریزانی نوێ. مانچێستەر یونایتد وەک یەکێک لەو یانانەی زۆرترین جموجوڵ چاوەڕێی دەکات، ئەمڕۆ بڕیاری خۆیدا بۆ هێشتنەوەی ئەستێترەیەکی یانەکە.
مان یونایتد یەکشەممە لە یاریەکی سەختدا و لەنێو یاریگای ئانفیڵد دەبێتە میوانی لیڤەرپوول.
لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش ئەو یارییە روبن ئامۆریم هەواڵی نوێکردنەوەی گرێبەستی هاری ماگوایەری بە هاندەرانی یانەکە دا و وتی
ئێمە کار لەسەر بژاردەی نوێکردنەوەی ئەو یاریزانە دەکەین. هاری بۆ ئێمە زۆر گرنگە.
لەوەی پێویستە ئەو بەرگریکارە چی بکات بۆ لەمەودوا، راهێنە پۆرتوگالیەکە وتی
ئەو دەبێ وەک سەرکردەیەک خۆی پێشڤەببات چونکە لەنێو یاریگادا زۆر پێویستمان بە سەرکردەی زیاترە.
بەپێی ئەوەی فابریزۆ رۆمانۆ بڵاویکردووەتەوە، یاریزانە ئینگلیزیەکە کە گرێبەستی ئێستای لە هاوینی داهاتوو بەسەردەچێت، تا هاوینی 2026 بۆی نوێدەکرێتەوە.
ماگوایەر لە مانگی مارسی ئەم ساڵ تەمەنی دەبێتە 32 ساڵ. بە ئەنجامدانی چەند گواستنەوەیەک لەلایەن یانەیەکەیەوە هاوینی ساڵی رابردوو بۆ هێڵی بەرگری، بەتایبەت هێنانی لێنی یۆرۆ و ماتیاس دی لیخت چیدیکە پێگەی سەرەکیبوونی بۆ ئەو یاریزانە ئینگلیزیە نەمایەوە. لەم وەرزی پرێمەرلیگ لە 12 یاریدا 720 خولەک یاریکردووە و لە یۆرۆپالیگیش لە 2 یاریدا 101 خولەک.
جگە لە ماگوایەر، هاوکات ئامۆریم جەختی لە نوێکردنەوەی گرێبەستی ئاماد دیالۆ کرد و وتی
بەڵێ، نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بەم نزیکانە دەبێت و ئێستا کاری لەسەردەکەین.