یاریگا –
میکێل ئارتێتا مژدە بە هاندەرانی ئارسیناڵ دەدات و ئاشکرای کرد ئەگەری هەیە لەم مانگە بین وایت بگەڕێتەوە.
وایت بەهۆی پێکانی ئەژنۆی لە پشووە نێودەوڵەتییەکانی مانگی نۆڤێمبەری ساڵی رابردووەوە دابڕاوە. لەوکاتەوە ئارسیناڵ لە پرێمەرلیگ لە هەشت یاریی شەش یاریی بردووەتەوە و دوو یارییش یەکسانبووە.
بەهۆی ئەوەی خشتەی مانگی یەک جەنجاڵە و تیپەکە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان نۆ یاریی دەکات، گەڕانەوەی هەر یاریزانێک لەم کاتەدا گرنگییەکی زۆری هەیە.
ئەمڕۆ ئارتێتا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی یارییەکەی سبەی بەرامبەر بڕایتن گوتی؛
بێن وایت رەنگە لەم مانگە بگەڕێتەوە، بەڵام جارێ بەشداری هیچ مەشقێکی نەکردووە. ئەژنۆی باشبووە و بەشێوەیەکی باش پڕۆسەی چاکبوونەوەی بەڕێوەدەچێت. یاریزانێکی بەهێزە و هەست دەکەم بەم زووانە دەگەڕێتەوە و هیوام بەرزە.
گەڕانەوەی تاکێهیرۆ تۆمیاسو؟
تاکێهیرۆ بەشداری هەندێک لە مەشقەکانی کردووە. دۆخی باشترە، بەڵام لە پێکانێکی درێژخایەن گەڕاوەتەوە و هەندێکی دیکە کاتی دەوێت. هیوادارم بەمزووانە بگەڕێتەوە.
ئەگەر وایت و تۆمیاسو نەگەڕێنەوە پێدەچێت راهێنەرە ئیسپانییەکە لە بەرگری باڵی راست پشت بە تۆماس پارتی ببەستێت چونکە تیمبێریش ناتوانێت بەشداری یارییەکی بڕایتن بکات و سڕکراوە.
کای هاڤێرتز بەهۆی نەخۆشی نەیتوانی لە یاریی رابردووی یانەکەی بەرامبەر برێنتفۆرد یاریی بکات، بەڵام راهێنەرەکەی گەنەرز ئامادەبوونی ئەویش رادەگەیەنێت.
کای هاڤێرتز لە نەخۆشییەکەی چاکبووەتەوە و بۆ یارییەکەی بڕایتن ئامادەیە. بەشداری مەشقەکانی ئەمڕۆش دەکات.
رەحیم ستێرلیگیش لە دێسێمبەری رابردووەوە بەهۆی پێکان دابڕاوە، لەم کاتەدا بگەڕێتەوە دەبێت بژاردەیەکی گونجاو بۆ پڕکردنەوەی شوێنی بوکایۆ ساکا، کە ئەستێرە ئینگلیزییەکە تاوەکو نزیکەی دوو مانگی دیکە دادەبڕێت.
رەحیم ستێرلینگ بەشداری هەندێک لە مەشقەکانی کردووە و بەرەوپێش دەچێت، هەتا زووتر بگەڕێتەوە هاوکارییەکی باشمان دەکات. با بزانین هەفتەی داهاتوو دۆخی چۆن دەبێت و پاشان هیوادارین لە هەفتەکانی دواتر بەردەست ببێت.
یارییەکانی گەنەرز لەم مانگە