چی لەبارەی دوایین پەرەسەندنەکانی کەیسی دانی ئۆلمۆ دەزانین؟
بەڕێوەبەری کارەکانی قسەی نوێ دەکات
یاریگا –
بارسێلۆنا تاوەکو ئێستا گەشبینە بە تۆمارکردنی ناوی دانی ئۆلمۆ لە لیستی یاریزانانی بۆ قۆناخی دووەمی لالیگا.
یاریزانی تەمەن 26 ساڵان لە هاوینی رابردوودا بە بەڕی 60 ملیۆن یۆرۆ لە لایپزیگەوە پەیوەندی بە بارسێلۆنا کرد، بەڵام بەهۆی سنووربڕی بارسا لە مووچەی یاریزانان، نەیتوانی بە شێوەیەکی هەمیشەیی ناوی ئۆلمۆ لەلالیگا تۆمار بکات، بۆیە دوای تووشبوونی ئاندرێس کریستیێنسن بە پێکان، ناوی ئۆلمۆ بە شێوەیەکی کاتی تاوەکو سەریساڵ تۆمارکرا.
بارسێلۆنا تەواو دەزانێت بەگوێرەی مادەی 130.2ی رێسای گشتی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا رێگە بە دووجار تۆمارکردنی هیچ یاریزانێک لەگەڵ هەمان یانە لە ساڵێکدا نادات، تەنیا لە حاڵەتێکدا نەبێت.
بەگوێرەی رێساکانی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا، ئەگەر یاریزانێک کەوتە حاڵەتێکی لەدەست دەرچوو ‘نەخوازراو’، ئەوا لالیگا مۆڵەت بۆ ماوەی 48 کاتژمێر بۆ تۆمارکردنی ناوی یاریزانەکە بە یانەکە دەدات. بارسێلۆناش دەیەوێت سوود لەم بڕگەیە وەربگرێت.
ئاندی بارا، بەڕێوەبەری کارەکانی ئۆلمۆ رەتیدەکاتەوە، سەرەڕای زیادبوونی فشارەکان، قسەیان لەگەڵ هیچ یانەیەکی دیکە نەکردووە
ئۆلمۆ بە دۆخێکی پڕ لە فشار تێدەپەڕێت و هەر یاریزانێکی دیکەش لە شوێنی ئەو بووایە، هەر ئەم هەستەی دەبوو. بەڵام ئۆلمۆ یاریزان و کەسێکی گەورەیە و هەوڵدەدات ئارام بێت. بەدڵنیاییەوە دانی براوەیە و دەیەوێت یاریی بکات، نەک تەنیا ببێتە تەماشاکار.
گفتوگۆمان لەگەڵ هیچ یانەیەکی دیکە نەکردووە، دانی یاریزانی بارسێلۆنا و دەیەوێت یاریی بۆ بارسێلۆنا بکات. دانی هەوڵی زۆریداوە تاوەکو لە بارسا یاریی بکات، لە منداڵییەوە خەونی پێوە دەبینی. بارسێلۆنا یەکەم و دوا بژاردەی ئۆلمۆیە و بیر لە هیچ بژاردەیەکی دیکە ناکاتەوە.
بۆچی بارسێلۆنا ناتوانێت ناوی ئۆلمۆ لە لالیگا تۆمار بکات؟
بەگوێرەی یاساکانی لالیگا هەر یانەیەک بەگوێرەی باڵانسی نێوان خەرجییەکان و داهاتەکانی دەتوانێت مووچەی یاریزانەکانی بدات، واتە نابێت یانەکان خەرجییەکی زۆر بکەن بەبێ ئەوەی هێندە داهاتیان هەبێت، ئەمەش بۆ پاراستنی یانەکانە لە مایەپووچبوون.
مانگی فێبرایەری 2024 بەگوێرەی راگەیاندراوێکی کۆمەڵەی لالیگا، بەرزترین رێژەی مووچەی رێگەپێدراوی بارسێلۆنا 204 ملیۆن یۆرۆ بوو لەکاتێکدا ئەوکات مووچەی یاریزانانی یانەکە دەگەیشتە 500 ملیۆن یۆرۆ، بارسێلۆنا بۆ ئەوەی ئەو ئاستی مووچەی رێگەپێدراوی یاریزانەکانی بگەیەنێتە ئاستی مووچەی راستەقینەی یاریزانەکانی، دەستی بە زیادکردنی داهاتەکانی کرد، دەستی بە فرۆشتنی ئەو یاریزانانە کرد کە مووچەیان زۆرە و دەستی بە گەڕان بەدوای گرێبەستی سپۆنسەریکردن و بەکرێدانی موڵکەکانی یانەکەی کرد، لە مانگی سێپتێمبەری 2024 ئاستی مووچەی رێگەپێدراوی یاریزانەکانی گەیاندە 426 ملیۆن یۆرۆ، لەکاتێکدا هێشتا ئاستی مووچەی راستەقینەی یاریزانەکانی بلاوگرانا 500 ملیۆن یۆرۆ بوو.
بارسێلۆنا هیوای ماوە ئەمڕۆ هەینی ناوی ئۆلمۆ لە لالیگا تۆمار بکات
رۆژنامەکانی موندۆ دیپۆرتیڤۆ و سپۆرتی کەتەلۆنی ئاشکرایان کردووە، هێشتا بارسێلۆنا هیوای ماوە و لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ ئەوەی بتوانن ئەمڕۆ هەینی ناوی دانی ئۆلمۆ لە لالیگا تۆمار بکەن.
بارسێلۆنا تاوەکو دوایین کاتژمێرەکانی رۆژی سێشەممە دەرفەتی هەبوو ناوی ئۆلمۆ تۆمار بکات، بەڵام سێ رۆژی بۆ درێژکرایەوە و تاوەکو سبەی شەو دەرفەتی هەیە بەڵگەنامەکانی پێشکەش بکات و لالیگا رازی بکات ناوی ئۆلمۆ لە لیستی یاریزانانی خولەکە تۆمار بکاتەوە.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، ئەگەر بارسێلۆنا نەتوانێت ناوی ئۆلمۆ تۆمار بکات ئەوا 263 ملیۆن یۆرۆ زەرەر دەکات (48 ملیۆن یۆرۆ مووچە، 55 ملیۆن یۆرۆ نرخی گرێبەست، 60 ملیۆن یۆرۆ نرخی بۆرسە، 100 ملیۆن یۆرۆ زیانی کورسییەکانی VIP).