یاریگا –
زاخۆ و کەرخ لە یارییەکانیان لە خولە فەرمیەکانی عێراق زۆرترین یەکسان بوونیان بەرامبەر یەکتر تۆمار کردووە.
لە گەڕی 12ـەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، زاخۆ لە یاریگای خۆی کاتژمێر 5ـی ئێوارە رووبەرووی کەرخ دەبێتەوە، دوای وەستانی خولەکە بۆ ماوەی زیاتر لە 15 رۆژ، زاخۆ لەم ماوەیەدا کەمپێکی مەشقی بۆ ماوەی هەشت رۆژ لە وڵاتی تورکیا کردەوە و ماوەی دوو رۆژە تیپەکە گەڕاوەتەوە زاخۆ، ئێوارەی دوێنێش دوایەکەی مەشقی خۆیان لە ژێر سەرپەرشتی راهێنەر تەڵال بلوشی کرد.
زاخۆ و کەرخ لە مێژوودا 18 یارییان بەرامبەر یەکتر کردووە، زاخۆ شەش یاریی براوە بووە، زۆرترین یەکسان بوونیان بەرامبەر یەکتر کردووە کە 10 یەکسان بوونە و کەرخیش تەنیا لە دوو یارییدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە،زاخۆ 16 گۆڵی تۆمار کردووە و کەرخ 12 گۆڵی لە تۆڕی زاخۆ کردووە.
ئەمجەد عەتوان یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق و ناسر محەمەدۆ یاریزانی هەڵبژاردەی یەمەن دوای تەواوبوونی ئەرکەکانیان لەگەڵ هەڵبژاردەکانیان لە پاڵەوانیەتی جامی کەنداو گەڕاونەتەوە مەشقەکان و بۆ یارییەکە ئامادەن، هەر دوو یاریزانیش لەلایەن سەرۆکی یانەکەوە خەڵاتی تایبەتیان پێشکەش کرا.
لە ئەگەری سەرکەوتنی زاخۆ لە یارییەکە ئەوا دەچێتە ریزبەندی سێیەمی خولەکە دوای یەکسان بوونی نەفت بەرامبەر کارەبا، زاخۆ 19 خاڵی هەیە لە 11 یارییدا و نەفتیش 20 خاڵی هەیە لە 12 یاریی، کەرخیش 11 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 16ـەی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.