یاریگا –
لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیاندا نەورۆز و دیالا بەرامبەر یەکتر یاریی دەکەن.
لە رۆژی دووەمی یارییەکانی گەڕی 12ـەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، نەورۆز لە یاریگای خۆی کاتژمێر 2ـی دوای نیوەڕۆ میوانداری دیالا دەکات، ئەم دوو یانەیە بۆ یەکەمجارە لە مێژوو لە خولێکی فەرمی عێراق بەرامبەر یەکتر یاریی دەکەن، دووەم یارییە لە خولەکە نەورۆز بە راهێنەرایەتی قەحتان جەسیر یاریی دەکات دوای سەرکەوتنی لە یاریی یەکەم بەرامبەر دهۆک.
بۆ یارییەکەی بەرامبەر دیالا، نەورۆز لە توانای چوار یاریزانی سەرەکی بێبەش دەبێت، تا ئێستا هەر دوو یاریزانی پیشەگەر ئینترێس گی و ئیفیانی ئیفیانی لە پێکان چاک نەبوونەتەوە و ناتوانن بەشداری یارییەکە بکەن، عەباس یاسین بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردوو بێبەش دەبێت، یوسوفا کۆناتێی بەرگریکاریش بە هۆکاری تایبەتی خۆی گەڕاوەتەوە وڵاتەکەی و ناتوانێت لە یارییەکە بەشدار بێت.
سوور پۆشەکانی سلێمانی 11 خاڵیان هەیە و لە ریزبەندی 17ـەم دێن، دیالا دۆخێکی خراپی هەیە کە تەنیا چوار خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 19ـەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.