ریال مەدرید لە بازاڕی گواستنەوەی زستانە یاریزانی نوێ دەگوازێتەوە؟ ئەنچیلۆتی وەڵام دەداتەوە
وادەی گەڕانەوەی ئالابای ئاشکراکرد
یاریگا –
ئەنچیلۆتی پێش یارییەکەی ڤالێنسیا، لەبارەی پلانی ریال مەدرید بۆ بازاڕی گواستنەوەی زستانە قسە دەکات.
کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال مەدریدی ئیسپانی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکەی ڤالێنسیا لەبارەی پلانی یانەکەی بۆ بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان دەڵێت :’قسەکردن لەبارەی بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان لەم کاتەدا زۆر ئاڵۆزە، با بزانین چی روودەدات، قسەکردن لەبارەی بازاڕی گواستنەوەی زستانە لەم کاتەدا بۆ من ئاسان نییە، دەتوانم یەک شت بڵێم لەم مانگە ژمارەیەکی زۆری یاریمان هەیە’.
هەروەها دەشڵێت :’من متمانەم بە تەواوی یاریزانەکانی ئێستای تیپەکەم هەیە و دڵم پێیان خۆشە، حەز ناکەم لەبارەی گواستنەوەی یاریزانان هیچ بڵێم، با بزانین دواتر چی روودەدات، من وردەکاریی بابەتی دانی ئۆلمۆ نازان، بۆیە ناتوانم هیچ قسەیەکی لەبارەوە بکەم، ئاگاداریی وردەکارییەکانی ئەم بابەتە نیم’.
لەبارەی کێبڕکێی نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا، کارلۆ دەڵێت :’ئێمە لە مانگی نۆڤێمبەر تووشی داکشانێکی گەورە بووین، بەڵام ئەوەی لە مانگی نۆڤێمبەر بەسەر ئێمەدا هات، لە مانگی دیسەمبەر بسەر بارسێلۆناشدا هات، بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید بە هەمان رێژە چانسی بەدەستهێنانی نازناوی ئەم وەرزەی لالیگایان هەیە’.
راهێنەرەکەی ریال مەدرید لەبارەی وادەی گەڕانەوەی داڤید ئالابا کە زیاتر لە ساڵێکە بەهۆی پێکانەوە لە یاریکردن دابڕاوە، دەڵێت :’لەوانەیە هەفتەی داهاتوو داڤید ئالابا بگەڕێتەوە یاریگاکان و چەند خولەکێک یاریی بکات’.