پێشهاتی نوێ؛ ئالفۆنسۆ دەیڤز لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نزیکدەبێتەوە
"ریال مەدرید خۆی بەدەستەوەنەداوە و لەگەڵ یاریزانەکە کۆدەبێتەوە"
یاریگا –
گۆڕانکاری گەورە لە گفتوگۆی نێوان ئالفۆنسۆ دەیڤز و ئیدارەی بایرن میونشن روودەدات و گفتوگۆکان ئەرێنین.
ئالفۆنسۆ دەیڤز ئێستا یاریزانێکی ئازادە و شەش مانگی دیکە گرێبەستەکەی بەسەردەچێت، دەتوانێت لەم زستانە لەگەڵ یانەیەکی نوێ رێکبکەوت.
تۆڕی رێلێڤۆ بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی پەیوەندییە باشەکەی لەگەڵ ڤێنسێنت کۆمپانی راهێنەری نوێ و سەرۆکی یانەکەش، ئالفۆنسۆ دەیڤز هەندێک بیرۆکەی گۆڕاوە و ئامادەیە لە بایرن میونشن بمێنێتەوە.
🗺️ Alphonso Davies traza su hoja de ruta: prioridad a la oferta del Bayern con el Real Madrid al acecho.
📌 El canadiense quiere sentarse primero con su actual club.
✍️ @JorgeCPicon https://t.co/hbseLgIYla
— Relevo (@relevo) January 2, 2025
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕە ئیسپانییەکە. بایرن میونشن هەوڵەکانی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی دەیڤز چڕکردووەتەوە، ئێستا لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکە نزیکن و رەنگە لەم زستانە رووبدات.
سەرەڕای ئەوە ریال مەدریدیش خۆی بەدەستەوە نەداوە و هێشتا چاوی لەسەر ئامانجە لەمێژینەکەیەتی. رێلێڤۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، لە مەدریدییەکان ساڵی رابردوو رێککەوتنی زارەکییان لەگەڵ کەسە نزیکەکانی دەیڤز کردووە. چاوەڕوانن لە کاتێکی گونجاو گفتوگۆی تەواوی لەسەر بکەن.
ئەگەریشی هەیە لە یەک دوو هەفتەی داهاتوو نوێنەرانی یانە ئیسپانییەکە و یاریزانە کانەدییەکە کۆببنەوە. هەر هەوڵێکی ریال مەدریدیش دەکرێت دۆخەکە بەتەواوی بگۆڕێت و دەیڤز بە ئۆفەری مێرێنگی رازی ببێت.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، لە پرێمەرلیگیش لیڤەرپوول و مانچێستەر یونایتدیش ئۆفەریان پێشکەش بە یاریزانەکە کردووە، بەڵام چانسی پەیوەندیکردنی دەیڤز بە پرێمەرلیگ کەمترە.
بارسێلۆناش هێشتا لە شەڕەکە نەچووەتە دەر، سەرەڕای سەختی دۆخی دارایی یانەکە، ئالفۆنسۆیان دڵنیا کردووەتەوە دەتوانن ئۆفەری گونجاوی پێشکەش بکەن، بەڵام بەهۆی دۆخی ئێستای دانی ئۆلمۆ و کێشەی تۆمارنەکرانی ناوی، بەدوور دەزانرێت دەیڤز ئۆفەری کاتالۆنییەکان لەبەرچاو بگرێت.
بۆیە چارەنووسی یاریزانەکە بە رێژەیەکی زۆر لە نێوان بایرن میونشن و ریال مەدرید دایە، یاریزانەکە پێشتر ئارەزووی خۆی بۆ پەیوەندیکردن بە لۆس بلانکۆس نەشاردووەتەوە، دوو هەفتەی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبێت و چارەنووسی بەرگریکارە لاوەکە رووندەبێتەوە.