ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

ئێستا؛ بارسێلۆنا بە رێگەیەکی نوێ ناوی ئۆلمۆ تۆمار دەکات

رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ وردەکارییەکان ئاشکرا دەکات

Yariga App

یاریگا –

بارسێلۆنا لە هەوڵەکانی بۆ تۆمارکردنی ناوی دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر بەردەوامە و ئێستا رێگەیەکی نوێ تاقیدەکاتەوە.

رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، بارسێلۆنا مۆڵەتێکی نوێی بۆ تۆمارکردنی ناوی ئۆلمۆ و ڤیکتۆری تاوەکو هەینی 3ی ئەم مانگە وەرگرتووە.

بارسێلۆنا تەواو  دەزانێت بەگوێرەی مادەی 130.2ی رێسای گشتی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا رێگە بە دووجار تۆمارکردنی هیچ یاریزانێک لەگەڵ هەمان یانە لە ساڵێکدا نادات، تەنیا لە حاڵەتێکدا نەبێت.

بەگوێرەی رێساکانی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا، ئەگەر یاریزانێک کەوتە حاڵەتێکی لەدەست دەرچوو ‘نەخوازراو’، ئەوا لالیگا مۆڵەت بۆ ماوەی 48 کاتژمێر بۆ تۆمارکردنی ناوی یاریزانەکە بە یانەکە دەدات. بارسێلۆناش دەیەوێت سوود لەم بڕگەیە وەربگرێت.

هەموو شتێک بزانە؛ کەیسی ئۆلمۆ چەند زیان بە بارسێلۆنا دەگەیەنێت و پلانی جێگرەوەی بارسا چییە؟

بارسێلۆنا تەواوی هەوڵەکانی بۆ فرۆشتنی کورسی VIP (شوێنی تایبەت)ی یاریگای کامپ نووی چڕکردووەتەوە، دەیانەوێت تاوەکو هەینی پارەی تەواویان بگاتە بەردەست، تاوەکو ناوی ئۆلمۆ و ڤیکۆری پێ تۆماربکەن.

ئۆلمۆ بە سوود وەرگرتن لە پێکانی ئاندرێس کریستیێنسن، لە مانگی ئۆگەست/ئابی رابردوو بەشێوەیەکی کاتی ناوی لە لالیگا تۆمارکرا. ئێستا یاریزانە ئیسپانییەکە رووبەڕووی داهاتووێکی نادیاربووەتەوە، ئەمەش دوای شکستهێنانی بارسێلۆنا بە چارەسەرکردنی کێشەکانی دارایی و تۆمارکردنی ناوی ئۆلمۆ لە دوا رۆژی ناونووس کردندا.

گرێبەستی ئێستای ئۆلمۆ تاوەکو ساڵی 2030یە، بەگوێرەی گرێبەست، یاریزانە ئیسپانییەکە دەتوانێت تاوەکو بەسەرچوونی گرێبەستەکەی، تەواوی شایستەکانی دارایی خۆی وەربگرێت و بڕ 48 ملیۆن یۆرۆش، وەکو تێچووی گواستنەوە بە لایپزیگ بدات.

بەگوێرەی گرێبەستی نێوان بارسا و ئۆلمۆ، بە هیچ شێوەیەک نابێ پێدانی خەرجییەکان دوابکەوێت و لایپزیگ دەستبەجێ پارەکەی دەوێت و هیچ بیانووێک لە بارسا قبووڵ ناکرێت. بەگوێرەی زانیاریەکانی رۆژنامە کاتالوونییەکە بێت، تەواوی تێچووی بارسا لەسەر کەیسی ئۆلمۆ دەگاتە 130 ملیۆن یۆرۆ.

بەڕێوەبەری کارەکانی ئۆلمۆ بەئاشکرا باس لە حەزی ئۆلمۆ بۆ مانەوە لە بارسا دەکات و شەوی رابردووش، ئۆلمۆ وێنەیەکی خۆی بڵاوکردەوە و پابەندبوونی خۆی بە بارسا پشتڕاستکردەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button