هەموو شتێک بزانە؛ کەیسی ئۆلمۆ چەند زیان بە بارسێلۆنا دەگەیەنێت و پلانی جێگرەوەی بارسا چییە؟
بارسێلۆنا دەبێ پارەیەکی زۆر بە لایپزیگ و ئۆلمۆ بدات
یاریگا –
لالیگا بە فەرمی ناوی دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆری لە لیستی یاریزانانی بارسێلۆنا لە وێبسایتی فەرمی سڕییەوە.
ئۆلمۆ بە سوود وەرگرتن لە پێکانی ئاندرێس کریستیێنسن، لە مانگی ئۆگەست/ئابی رابردوو بەشێوەیەکی کاتی ناوی لە لالیگا تۆمارکرا. ئێستا یاریزانە ئیسپانییەکە رووبەڕووی داهاتووێکی نادیاربووەتەوە، ئەمەش دوای شکستهێنانی بارسێلۆنا بە چارەسەرکردنی کێشەکانی دارایی و تۆمارکردنی ناوی ئۆلمۆ لە دوا رۆژی ناونووس کردندا.
بارسێلۆنا تەواو پشتی بە فرۆشتنی کورسییەکانی VIP (شوێنی تایبەت)ی یاریگای کامپ نو بەستبوو، کە بەهاکەی دەگەیشتە 120 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام نەیتوانی لە کاتی پێویست و دیاریکراودا، پڕۆسەکە جێبەجێ بکات.
رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، ئەگەر بارسێلۆنا ئۆلمۆ لە گواستنەوەیەکی ئازاد لەدەستبدات، ئەوا بەگوێرەی گرێبەستی نێوانیان، دەبێ 48 ملیۆن یۆرۆ بە لایپزیگ، یانەی پێشووی ئۆلمۆ بدات.
رۆژنامەکە دەستی خستووەتە سەر برینەکان و روونیکردووەتەوە، بارسێلۆنا نەیتوانی هیچ بەڵگەیەکی ئەوتۆ لەسەر پابەندبوون بە دابینکردنی پارەی پێویست بۆ تۆمارکردنی ناوی ئۆلمۆ ڤیکتۆر پێشکەشی لالیگا نەکردووە.
بارسێلۆنا رووبەڕووی کێشەی قووڵبووەتەوە، چونکە رێساکانی کۆمەڵەی خولی ئیسپانی زۆر توندن، بەگوێرەی یاساکانی لالیگا بێت، یانەکان دەتوانن تەنیا یەکجار ناوی یاریزانەکانیان تۆماربکەن، هیچ یانەیەک ناتوانێت ناوی یاریزان بسڕێتەوە یاخود دووبارە تۆماری بکاتەوە، تەنیا دەبێ هۆکاری زۆر بەهێز هەبن، لەوانە تووشبوونی یاریزان بە پێکان، هاوشێوەی کەیسی کریستیێنسن.
بارسێلۆنا رێگەیەکی دیکەی بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی لالیگا گرتووەتەوە بەر، ئەمجارە بە فەرمی داوای پێدانی مۆڵەتی ئۆلمۆ و ڤیکتۆری لە یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا کردووە، بەڵام ئەستەمە بەبێ رەزامەندی لالیگا، مۆڵەتی یارییکردن بە هەردوو یاریزانەکە بدرێت.
ئەگەر بارسێلۆنا کێشەی تۆمارکردنی ناوی ئۆلمۆ چارەسەرنەکات، ئەوا بەگوێرەی گرێبەستی نێوانیان، ئۆلمۆ بەخۆڕایی دەتوانێت پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکات و چەند یانەیەکی پرێمەرلیگ لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکەی دەکەین.
گرێبەستی ئێستای ئۆلمۆ تاوەکو ساڵی 2030یە، بەگوێرەی گرێبەست، یاریزانە ئیسپانییەکە دەتوانێت تاوەکو بەسەرچوونی گرێبەستەکەی، تەواوی شایستەکانی دارایی خۆی وەربگرێت و بڕ 48 ملیۆن یۆرۆش، وەکو تێچووی گواستنەوە بە لایپزیگ بدات.
بەگوێرەی گرێبەستی نێوان بارسا و ئۆلمۆ، بە هیچ شێوەیەک نابێ پێدانی خەرجییەکان دوابکەوێت و لایپزیگ دەستبەجێ پارەکەی دەوێت و هیچ بیانووێک لە بارسا قبووڵ ناکرێت. بەگوێرەی زانیاریەکانی رۆژنامە کاتالوونییەکە بێت، تەواوی تێچووی بارسا لەسەر کەیسی ئۆلمۆ دەگاتە 130 ملیۆن یۆرۆ.
بەڕێوەبەری کارەکانی ئۆلمۆ بەئاشکرا باس لە حەزی ئۆلمۆ بۆ مانەوە لە بارسا دەکات و شەوی رابردووش، ئۆلمۆ وێنەیەکی خۆی بڵاوکردەوە و پابەندبوونی خۆی بە بارسا پشتڕاستکردەوە.