دوایین پەرەسەندن؛ چی لەبارەی ئۆفەرەکەی ریال مەدرید دەزانین؟
ریال مەدرید چی لەبارەی ئۆفەرەکە دەڵێت و ئارنۆڵد چی بە لیڤەرپوول گوتووە؟
یاریگا –
لیڤەرپوول ئۆفەرێکی فەرمی ریال مەدریدی بۆ گواستنەوەی ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد رەتکردەوە.
لە ماوەی رابردوودا، ناوی ئارنۆڵد بە توندی بە ریال مەدرید بەستراوەتەوە، ئەمەش بەهۆی نزیکبوونەوەی وادەی بەسەرچوونی گرێبەستەکەی لە هاوینی داهاتوودا.
ریال مەدرید پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەستەی کارگێڕی لیڤەرپوول دەستپێکرد و چاویان لە گواستنەوەی ئەستێرە ئینگلیزییەکەیە لە مێرکاتۆی زستانە.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید بە فەرمی پرسیاری ئەگەرەکانی فرۆشتنی ئارنۆڵدییان لەم مانگەدا لە لیڤەرپوول کردووە. بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕە ئەمریکییەکە بێت، ریال مەدرید هیچ بڕێکی بۆ گواستنەوەی ئارنۆڵد لەگەڵ لیڤەرپوول باس نەکردووە.
لیڤەرپوول تەواوی راپۆرتەکانی رۆژنامەکانی ئیسپانیای بۆ گواستنەوەی ئارنۆڵد رەتکردووەتەوە. ئاتلێتیک دووپاتیدەکاتەوە، ئارنۆڵد نیاز و حەزی مانەوەی خۆی بە بەرپرسانی یانەکە راگەیاندووە و هەوڵەکان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بەردەوامن.
لەمڕۆوە ئارنۆڵد دەتوانێت بە فەرمی گفتوگۆ لەگەڵ هەر یانەیەک بکات و ئەگەرەکانی گواستنەوەی لەگەڵدا باس بکات. ئێستا ریال مەدرید هەوڵدەدات گرێبەستێکی سەرەتایی لەگەڵ ئارنۆلد واژۆبکات و لە هاوینی داهاتوودا بەخۆڕایی بیگوازێتەوە.
ریال مەدرید وێڵە بەدوای گواستنەوەی بەرگریکارێکی باڵی راست، ئەمەش بەهۆی تووشبوونی دانی کارڤاخال بە پێکان و نەبوونی جێگرەوەیەک گونجاو.
تۆڕی ئاتلێتیک داوای روونکردنەوەی لە ریال مەدرید کردووە، بەڵام یانە ئیسپانییەکە رەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەبارەی ئارنۆڵد بدات
تیمەکەی ئارنۆڵد بە جیاوازی هەشت خاڵ و یارییەک کەمتر، لە پلەی یەکەمی ریزبەندی پرێمەرلیگدا دێت.