یاریگا _
ژیار گۆڤەند یاریزانی پێشووی دهۆک لە چەند کاتژمێری داهاتوو دەچێتە بەغدا و گرێبەست لەگەڵ یانەیەکی ئەو شارە واژۆ دەکات.
بە مەبەستی یاریکردن لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، ژیار گۆڤەند گرێبەستی لەلایەن یانەکانی قوە جەوییە و کارەبا و مینا و نەفتی بەسرە پێشکەش کراوە، تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیاریی هەیە کە ژیار گۆڤەند بەرە بەیانی ئەمڕۆ دەگاتە بەغدا و لەوێ گرێبەستی خۆی لە نێوان قوە جەوییە و کارەبا یەکلایی دەکاتەوە.
لوئەی سەڵاح راهێنەری کارەبا داوای لە یاریزانەکەی پێشووی دهۆک کردووە کە پەلە نەکات تا دوای یارییەکەی زەوڕا، چونکە راهێنەرەکە دەیەوێت ژیار بگوازێتەوە ریزەکانی، وەلی کەریمی راهێنەری کارەباش بەڵێنی دەرفەتدانی زیاتری بە ژیار داوە و سوورە لە سەر ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکات، بۆیە ئەمڕۆ بە رێژەیەکی زۆر ژیار گرێبەستەکەی یەکلایی دەکاتەوە کە نزیکترینیان کارەبایە.
ماوەیەک بەر لە ئێستا ژیار گۆڤەند بە هۆکاری تایبەتی خۆی و بە رەزامەندی هەر دوولا گرێبەستی لەگەڵ دهۆک هەڵوەشاندەوە، لەگەڵ کردنەوەی دەرگای گواستنەوەی زستانەی یاریزانان، ژیار هەر زوو دەیەوێت داهاتووی خۆی یەکلا بکاتەوە.